وردەکاریى هۆكاری کوشتنى دوو مامۆستاکەى زانکۆى سەلاحەدین لەلایەن خوێندکارێکەوە

28-06-2022 03:34

پەرەگراف

مامۆستا نیشتمان، هاوسەری یەكێك لەو مامۆستایانەی زانكۆی سەلاحەدین كە لەلایەن خوێندكارێكەوە كوژرا، دەڵێت "تاوانم ئەوە بوو وتم پرسیارەكان قورس نییە و لەسەر ئەو تاكە وشەیە هەڕەشەی كوشتنی لێ‌ دەكردم". لەسەر ئەو قسە ئەو خوێندكارەی تاوانەكەی ئەمڕۆی ئەنجام دا "زۆر سووكایەتی"ی پێ‌ كردووە و دەشڵێت "باوكی لەبەردەم دادوەردا هەڕەشەی لێ‌ كردم".

سەرەتای ڕووداوەكە بۆ كاتی تاقیكردنەوەی ئەو خوێندكارە لە وانەی مامۆستا نیشتمان دەگەڕێتەوە كە هاوسەری د. ئیدریسە. مامۆستا نیشتمان قسە بۆ كەناڵی ڕووداو دەكات و دەڵێت "لێم پرسی: كوڕم پرسیارەكان چۆنە؟ وتی: زۆر قورسە. وتم: نا نا گیانەكەم، وەڵام بدەرەوە، قورس نییە. زۆر سووكایەتیی پێ‌ كردم".

مامۆستا نیشتمان لە زانكۆی سۆران مامۆستا بووە و تۆمەتباری تاوانەكەی ئەمڕۆیش خوێندكاری ئەو بووە.

مامۆستا نیشتمان دەڵێت "ئیتر لە دوای ئەوە وازی نەدەهێنا، جارێكی تر لێی خۆش بووم و كردم بە خاتری قۆنەرەكانی باوكی، بەڵام باوكی مانگی چوار لەپێشچاوی حاكم هەڕەشەی لێ‌ كردم و وتی: (نیشتمان ئەمەت بەسەرەوە ناچێت، من پێشمەرگەم و برام كوژراوە، با منیش بكوژرێمەوە). دیاربوو پلانیان دانابوو".

"بڕیاریشم دابوو لێی خۆش ببم، بەڵام وتم با فێر ببێت كە دادگا هەیە، ئەوەندە سوكایەتی بە مامۆستا نەكات. دەنگەكانی جنێوی وای تێدایە بۆنی خوێنی لێ‌ دێت. لەسەر ئەو تاكە وشەیە هەڕەشەی كوشتنی لێ‌ دەكردم"، مامۆستا نیشتمان بەدەم گریانەوە وای وت.

بەیانیی ئەمڕۆ دوو مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین لەلایەن خوێندكارێكی زانكۆی سۆانەوە كوژران. پاش چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوەكە، تۆمەتبارەكە دەستگیر كرا. پارێزگاری هەولێر دەڵێت "تاوانبارەكە پێشتر هەڕەشەی لە كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ كردووە".

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەڵێت "ئەمڕۆ پاش ڕووداوی كوشتنی هەردوو مامۆستاكەی زانكۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر، بە هاوبەشیی هێزە ئەمنییەكانی شاری هەولێر تاوانبار دەستگیر كرا".

كاتژمێر 8:15 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ، تۆمەتبارەكە بە چەكەوە چووەتە سەر ماڵی د. ئیدریس حەمەخان، مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی سەلاحەدین، مامۆستاكە هەوڵی داوە لە ڕێگەی چوونە سەربانی دراوسێكەیانەوە خۆی دەرباز بكات، بەڵام تۆمەتبارەكە تەقەی لێ‌ كردووە و گیانی لەدەست داوە.

دواترش تۆمەتبارەكە چووەتە كۆلێژی یاسا و لەوێ‌ تەقەی لە د. كاوان ئیسماعیل، ڕاگری كۆلێژی یاسا كردووە و بە سەختی برنداری كردووە، كە دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. هەر لەو ڕووداوەدا كارگوزارێكی كۆلێژی یاسا بریندار بووە.

ئاراس مەهدی، خوێندكار لە بەشی پەوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سۆران، لەسەر كێشەیەك دوو ساڵ لەمەوبەر فەسڵ كراوە، دواتر هەوڵی داوە بگوازرێتەوە بۆ زانكۆی سەلاحەدین، بەڵام قبووڵ نەكراوە.

سەرەتای ڕووداوەكە بۆ كێشەیەكی نێوان هاوسەری د. ئیدریس حەمەخان كە مامۆستای زانكۆی سۆرانە، لەگەڵ ئەو خوێندكارە دەگەڕێتەوە. كێشە گەیشتووەتە دادگا و ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای سۆران لەسەر دۆسیەكە هەبووە، بەیانیی ئەمڕۆ هاوسەرەكەی د. ئیدریس چووەتە دادگای سۆران، بەڵام تۆمەتبارەكە نەچووەتە دادگا و لە هەولێر ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.

سەرۆكایەتیی زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر دەڵێت "ڕووداوەكە لە ئەنجامی پێشینەی مامەڵەیەكی نەقلكردنی بەر لە دووساڵ بووە. ئەمڕۆ هەمان قوتابی هەڵیكوتایە سەر ‌ ئۆفیسی ( پڕۆفیسۆر د. كاوان ئیسماعیل - ڕاگری كۆلێژی یاسا) و ماڵی ( پ.ی.د. ئیدریس حەمەخان - مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاری)".

هەر لەبارەی هۆكاری ڕووداوەكەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وتی "تاوانبارێك كە پێشینەیەكی یاسایی هەیە و پێشتر هەڕەشەی نەك هەر لەو دوو مامۆستایە، لە كۆمەڵێك مامۆستای زانكۆ كردووە، بە هۆكارێك لە زانكۆی سۆران فەسڵ كرابوو، هەوڵی دەدا خۆی بەسەر ئیرادەی زانكۆدا بسەپێنێت بە گەڕانەوەی بۆ زانكۆی سۆران یان وەرگرتنی لە زانكۆی سەلاحەدین".

سەرۆكایەتیی زانكۆی سۆرانیش سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو دوو مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین دەكات كە لەلایەن خوێندكارێكی فەسڵكراوی زانكۆی سۆرانەوە كوژران و دەڵێت "ئامادەین لەپێناو دەستەبەركردنی دادپەروەری بۆ كەسوكاری قوربانیان، هەموو جۆرە پاڵپشتییەكی پێویست پێشكەش بكەین. بە هەمان شێوەش داواكارین دادگاكان لە جێبەجێكردنی یاساكاندا ڕێچكەی خۆیان خێراتر بگرنە بەر".

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستییش ماتەمینیی سەرتاسەری لە سەرجەم زانكۆ و دامەزراوە زانستییەكان ڕاگەیاند. هەروەها ئاڵای وەزارەت و زانكۆكان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ داگیران و سەرجەم چالاكییە زانستییەكان و مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەكانی دەرچوون لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكان بۆ هەمان ماوە ڕاگیران.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وتی "بە توندی ئیدانەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە دەكەین. لەپێناو سەروەریی یاسا و پاراستنی حەرەمی زانكۆكان، هەموو ڕێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر".