ڕاگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێمەوە لەبارەی قەیرانی دارایی

28-03-2020 11:11


پەرەگراف

مەسرور بارزانی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە دۆخی ئابوریی‌و ڤایرۆسی كۆرۆنای كردووەو تێیدا جەخت لە ڕێكخستنەوەی خەرجییەكان كراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی.

دەقی ڕاگەیەندراوێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كورستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری و جێبەجێكردنی رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2020/3/28 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری و جێبەجێكردنی رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرە پەیوەندیدارەكان ئامادەیبوون. گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی دۆخی تەندروستی و پلانەكانی حكومەت كرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.

سەرۆكی حكومەت دەستخۆشی لە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت كرد كە هەموو توانای خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ پاراستن وسەلامەتی هاووڵاتییان. جەختیشی لە دابینكردنی پێدوایستییەكانی رۆژانەی خەڵك بەتایبەتی خۆراك كردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها تاوتوێی كارەكانی لیژنەی خۆراك و دەرمان كرا و جەختیش لە رێكخستنەوەی خەرجییەكان كرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی.

هەروەها ئاماژە بە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەل حكومەتی فیدراڵی درا.