ئەمەریکا پێشنیاری نوێ دەداتە پارتی و یەکێتی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

28-06-2022 06:57
کۆبوونەوەکەی جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عيراق و سووريا لەگەڵ نێچيرڤان بارزانى و بافڵ تاڵەبانی

پەرەگراف

ئەمەریکا پێشنیارێکی نوێ دەداتە نێچیرڤانی بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پڕۆسەی چاکسازیی.

جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان ‏فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عيراق و سووريا و شاندێكى باڵاى سه‌ربازيى لەگەڵ نێچيرڤان بارزانى و بافڵ تاڵەبانی بەرپرسانی باڵای پێشمەرگە کۆبووەوە.

سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دواين هه‌نگاوه‌كانى ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه و پێشنيارێكى ئه‌مه‌ريكييه‌كان ‏لەوباره‌يه‌وه‌‌ تاوتوێ كراون.

‏سەرۆکایەتی هەرێم پێشنیارەکەی ئەمەریکییەکانی ئاشکرا نەکردووەو دەڵێت، جه‌نه‌رال برێنان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا له‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى ‏پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ژێر چه‌ترى وه‌زراه‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌ك فه‌رمانده‌ييدا ‏كۆبكرێته‌وه‌ و بكرێته‌ هێزێكى نيشتمانيى پیشه‌گه‌ر.

نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان ‏دووپات كردووەته‌وه‌ بۆ ئه‌و پشتگيرى و هاوكارييه‌ى له‌ كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا و ئێستاش ‏پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ پشتگيريى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێم و ‏حكوومه‌ت بۆ پرۆسه‌ى چاكسازيى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كردووە.

ئەمەریکاو هاوپەیمانان بەردەوام فشار دەخەنەسەر پارتی و یەکێتی تا دەستبەرداری هێزەکانی پێشمەرگە ببن و بکرێتە هێزێکی نیشتمانی، بۆئەوەش هاوکاریی پێشکەش دەکەن و چاودێریی پڕۆسەیەکی یەکخستنەوەو چاکسازیی دەکەن لە وەزارەتی پێشمەرگە.

دوورخستنەوەی دەستی حیزب تەنها داواکاریی ئەمەریکاو هاوپەیمانان نییە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند "لەپێناو یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، دەبێت پارتی و یەكێتی كۆتایی بە دەستوەردان لە كاروباری وەزارەتی پێشمەرگە بهێنن و دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناكۆكییە سیاسسەكاندا، ئەوەی جێبەجێیش كراوە هەڵدەوەشێتەوە".

سەرۆكی هەرێم لە وتارێكدا لە مەراسیمی پێدانی بڕوانامە بە دەرچووانی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، وتی "یەكنەخستنی پێشمەرگە و هێز و دامەزراوە ئەمنییەكان، وای كردووە هەموو ناكۆكییە سیاسییەكان ڕاستەوخۆ كار لەسەر ئاسایش و دەروونی هاووڵاتیان و بارزگانی و كەسابەتی خەڵك بكات، وای كردووە خەڵك چاوەڕوانی لەتبوونی هەرێمی كوردستان و تەنانەت شەڕیش بكەن".

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئاماژەدان بەوەى كە "ڕاستە بەپێی یاسا، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەركی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی لەسەر شانە"، بەڵام جەختی كردەوە كە "بۆ ئەوەی چاكسازی و یەكخستنی پێشمەرگە جێبەجێ‌ بكریت، دەبێت پارتی و یەكێتی بە باوەڕ و بێ‌ پەشیمانبوونەوە بڕیار بدەن كە دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، دەبێت كۆتایی بە دەستوەردانی حیزبی لەناو كاروباری پێشمەرگە بهێنن، بەو شێوەیە چاكسازی و یەكخستنی ڕاستەقینەی پێشمەرگە دەست پێ‌ دەكات و سەردەكەوێت".

"نابێت حیزبەكان لە كێشانەوەی دەستی خۆیان لەناو هێزی پێشمەرگە بەگومان بن، چونكە حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دوو دەزگای جێگای متمانەی خەڵك و حیزبەكانی هەرێمی كوردستانن، پەرلەمانیش بەسەر هێزی پێشمەرگەوە چاودێر دەبێت"، سەرۆكی هەرێم وای وت.