مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی جەلالی سام ئاغا بەسەردەكاتەوە

30-06-2022 04:20

پەرەگراف

جەزا سەید مەجید ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی ڕێكخستنی سلێمانی یەكێتی‌، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سەردانی جەلالی سام ئاغا كەسایەتی دیارو سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی كرد لە ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی.

لە دیدارێکدا دواین پێشهاتە سیاسیەکانی ناوچەکەو خزمەتکردنی هاوڵاتیان و گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە خزمەتگوزارییەکان تاوتوێ کران.

جەزا سەید مەجید سوپاس‌و ستایشی كارەكانی جەلالی سام ئاغای كرد لە ماوەی ئەرك‌و لێپرسراوێتییەكانیدا، وتی "جەلالی سام ئاغا کەسایەتییەکی ناخ سپی و دەست پاک و یەکێکە لە پیاوە دانسقەکان و ناو و ئەزمونی بەڕێزیان لە سیستمی حوکمڕانیدا بە بەرزی ماوەتەوە و هیوای تەندروست باشیی بۆ خواست".

جەلالی سام ئاغا كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییەو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.