داخستنی بازاڕی چەکفرۆشان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە سەرتاسەری کوردستان دەستپێدەکات

30-06-2022 10:19
ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەک لە ھەڵەبجە، ٣٠-٦-٢٠٢٢

پەرەگراف

هەڵمەتی داخستنی بازاڕی چەکفرۆشان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە سەرتاسەری کوردستان دەستی پێکرد.

ھەڵمەتەکە دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی دێت کە داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد ھەنگاوی کرداریی دەستبەجێ بنێن بۆ ئەومەبەستە.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، فەرمانی سەرۆکوەزیرانی گەیاندووەتە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ داخستنی سەرجەم شوێنەکانی چەکفرۆشتنی مۆڵەتدارو بێمۆڵەت.

هەر ئەمڕۆش لە ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێم فەرمانەکە جێبەجێ کراوە.

داخستنی شوێنەکانی چەکفرۆشتن بە شێوەیەکی کاتییەو هەفتەی داهاتوو ڕێنمایی نوێ دەردەکرێت بۆ چەکفرۆشان و چۆنیەتی فرۆشتن و مامەڵەپێوەکردنی.

مەسرور بارزانی داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بەسەردابگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک.

سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، ئاسایشی خەڵک ناکەنە قوربانی خراپەکاران و قاچاخچی و هەلپەرستان و، داوای لە خەڵک کرد چەکیبێمۆڵەت ڕادەستی حکومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پڕۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت.

مەسرور بارزانی داواشی لە دادگاکان کرد، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاییدا کە بە هەموو شێوەیەکپاڵپشت و هاوکاریان دەبن.