سەرەکیترین ھۆکاری توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لەلایەن ھاوسەرەکانیانەوە لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئیرەیی لێکردنە

01-07-2022 09:12

پەرەگراف

بەپێی ئامارێکی دەستەی ئاماری ھەرێم، لەسەدا ١٧.٤ی ئەو ژنانەی لەلایەن ھاوسەرەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت بەھۆی"ئیرەیی لێکردنە"، ئەوەش بەرزترین ڕێژەی ھۆکارەکانی توندوتیژیی ھاوسەرانە بەرامبەر بە ژنەکانیان.

ھەر بەپێی ئامارەکە، ھۆکاری دووەمی توندوتیژیی بەھۆی ئەوەیە "پێداگریکردن تا بزانێت لە کوێ بووەو لەگەڵ کێ بووە"، ئەمەش ڕێژەی لەسەدا ١٦.٤ی ئەو ڕووپێوییە پێکدەھێنێت کە دەستەی ئاماری ھەرێم ئەنجامیداوە، بەدوایشیدا ھۆکاری سێیەم، بڕیاردانە لەسەر جل وبەرگ و چۆنێتی پۆشینی جل و بەرگ کە ڕێژەی ١٣.٥ی ژنانی بەشداربووی ڕووپێوییەکە بەوھۆیەوە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە لەلایەن ھاوسەرەکانیانەوە.

ڕووپێوییەکەی دەستەی ئامار لەبارەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ئافرەتانەو تێیدا دوو هەزارو 162 ئافرەت لە هەزار و 576 خێزان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەشدرییان کردووەو چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە.

ڕووپێوییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ناوەندی ئاماری عێراقی و هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان(UNFPA) لە 20 ڕۆژی مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراوە.

ھەر بەپێی ڕووپێوەییەکە، سەرەکیترین هۆکاری جیابوونەوەی هاوسەران دەستوەردانی خێزانییە بە ڕێژەی لەسەدا ٣٦، هۆکاری دووەمیش نەگونجاونی کۆمەڵایەتییە ٣٣.٨ و بەدوایدا نەبوونی متمانە بە ڕێژەی لەسەدا ٢١.١، ئالوودەبون بە ماددەی ھۆشبەریش چوارەم ھۆکاریجیابوونەوەیە کە ڕێژەی ١٨.٦ی گرتووە لە ئامارەکەدا