زەمینلەرزە گوندێكی مێژوویى لە ئێران خاپوور كرد

02-07-2022 11:39

پەرەگراف

لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا زنجیرەیەك زەمینلەرزە لە پارێزگای هورمزگانی ئێران ڕوویان دا كە سێ‌ بەهێزترینیان 6.3 و 6.1 پلەی ڕێختەر بوون. پێنج كەس گیانیان لەدەست داوە، 89 كەسی دیكە بریندار بوون و گوندێك خاپوور بووە.

تەنیا كاتژمێرێك دوای زنجیرەیەك زەمینلەرزە لە بەندەری خەمیری ئێران كە بەهێزترینیان 6.1 پلەی ڕێختەر بوو، زەمینلەرزەیەكی دیكە بە گوڕی 6.3 پلە ئەو ناوچە كەنار دەریاییەی باشووری ئێرانی هەژاند.

لە كاتژمێر دووی بەرەبەیان تا كاتژمێر 8:30 خولەكی بەیانیی ئەمڕۆ، 29 زەمنلەرزە لەو ناوچەیەی ئێران ڕووی داوە كە زۆرینەیان لە نێوان سێ‌ بۆ پێنج پلەی ڕێختەردا بوون.

تا ئێستا ژمارەی قوربانییانی ئەو زەمینلەرزانە گەیشتووەتە پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان و 50 حاڵەتی بریندار بوون.

بەرپرسانی پارێزگای هورمزگانی ئێران دەڵێن، گوندی (سایە خوش) كە 20 كیلۆمەتر لە بەندەری خەمیرەوە دوورە، ناوەندی ئەم زنجیرە زەمینلەرزە بووە و زۆرێك لە خانووەكانی كە لە خشتی قوڕ دروست كراون، خاپوور بوون.

گرتەی ڤیدیۆیی زیانەكانی زەمینلەرزەكە دەری دەخەن كە دەیان خانوو لە گوند و ناوچەكانی نزیكی ناوەندی زەمینلەرزەكە خاپوور بوون و زیانی گەورەیان پێ‌ گەیشتووە.

هاووڵاتییەك لە گوندی سایە خوش گرتەیەكی ڤیدیۆیی خاپووربوونی گوندەكەی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "لەسەدا 80ی خانووەكان خاپوور بوون و ئەو لەسەدا 20ـەیش كە ماون زیانی گەورەیان پێ‌ گەیشتووە".

بەهۆی زەمینلەرزەكانەوە، كارەبای 55 گوند بڕاوە، 50 ناوچەی شوێنەواری زیانیان بەركەوتووە.

گوندی سایەخوش لە باشووری ئێران، دەكەوێتە سنووری پارێزگای هورمزگان، دەكەوێتە 40 كیلۆمەتر باشووری بەندەری خەمیر و 55 كیلۆمەتر ڕۆژئاوای بەندەری لنگە. ژمارەى دانیشتوانەکەى زیاتر لە ١٧٠٠ کەسە.

سایەخوش گوندێكی مێژوویە و چەندین شوێنەواری مێژوویی گرنگی تێدایە، دیارترینیان كاروانسەرای سەفەوییە.