لە ماوەی حەوت ساڵدا توركیا 'نزیكەی ١٢٩ هاووڵاتیی مەدەنیی لە هەرێم شەهید كردووە'

02-07-2022 04:11

پەرەگراف

تیمی كوردستانی عێراقی CPT و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی، دەڵێن "لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە تاوەكو ئێستا، سوپای توركیا لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا بۆ سەر خاكی هەرێم، نزیكەی ١٢٩ هاووڵاتیی مەدەنیی شەهید كردووە و نزیكەی ١٨٠ هاووڵاتیی تریشی بریندار كردووە".

ئەو ئامارە لە ڕاپۆرتێكی ئەو ڕێكخراوانەدا هاتووە پەیوەست بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە نوێترین ئۆپەراسیۆنی توركیادا بە ناوی چنگ-قوفڵ و ئیدانەی "كوشتنی منداڵان، برینداركردنی جووتیاران و بەئامانجگرتنی گوندەكان" لەلایەن توركیاوە دەكەن.

بەپێی ڕاپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی CPT و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی، لە ماوەی "تەنها یەك مانگی نێوان ٢١ی ئایاری ٢٠٢٢ بۆ ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا بووتە هۆی گیانلەدەستدانی ٣ منداڵ و ٢ پیاو، برینداربوونی ١٥ هاووڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان".

سوپای توركیا لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی چنگ- قفڵ، لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢دا ئۆپەراسیۆنێكی بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لە زاپ، مەتینا و ئاڤا شین دەست پێ‌ كرد كە تا ئێستا بەردەوامە.

تیمی كوردستانی عێراقی CPT و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتیی ناوچە شاخاوییەكانە بە درێژایی ١٨٠ كیلۆمەتر لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و بە قووڵایی زیاتر لە ١٥ كیلۆمەتر بۆ باشووری سنووری نێوان توركیا و عێراق".

ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چنگ- قفڵی توركیا، كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتیی ناوچە شاخاوییەكانی سنووری نێوان توركیا و عێراقە، كە سی پی تی و هاوبەشكانی دەڵێن "بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە بە تەنها ٢٠٪ی سنووری نێوان توركیا و عێراق مابوو كە توركیا كۆنتڕۆڵی نەكردبێت".

هەروەها ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە لە ناوچەكانی سنووری ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ، لە هەمانكاتدا فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان هێرشیان ئەنجام دەدەن و "تەنانەت یەكێك لە هێرشەكان بەئامانجگرتنی گەریلاكانی پەكەكە بوو بە قووڵایی ٢٨٠ كیلۆمەتر بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە قەزای كەلار".

سی پی تی و هاوبەشەكانی دەڵێن "یەكەمین دوو هاووڵاتیی مەدەنی كە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ'ی توركیاوە شەهید بوون، ئارام حاجی كاكە خانی ٤٣ ساڵ و هاوسەری خوشكەكەی (ئیسماعیل ئیبراهیم)ی ٥٠ ساڵ بوون لە گوندی تووتەقەڵ كە ١٤٠ كیلۆمەتر دوورە لە سنووری نێوان توركیا و عێراقەوە، لە ڕۆژی ٢١ی ئایاردا".

ئارام حاجی كە موختاری گوندی تووتەقەڵ بووە، لەگەڵ ئیسماعیل هەوڵیان داوە كە چەند گەریلایەكی پەكەكە بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە، لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیاوە ئۆتۆمبێلەكەیان كراوەتە ئامانج و سەرجەمیان گیانیان لەدەست داوە.

سی پی تی و هاوبەشكانی دەڵێن "بە بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی مەدەنی كە سەرنشینی مەدەنی و چەكداری برینداری تێدا بووە، سوپای توركیا تاوانی جەنگی ئەنجام داوە".

لە دوای ئەو ڕووداوە "لە كۆی ١٠ خێزان، ٨ خێزان لە ترسی دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەكانی توركیا گوندی تووتەقەڵیان بەجێهێشتووە".

بەپێی ڕاپۆرتەكەی سی پی تی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی، هێرشی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركیا لە ١٥ی حوزەیراندا بۆ سەر بارەگایەكی یەكینەكانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) لە ناحیەی سنونێ، بووەتە هۆی داڕووخان و زیانگەیاندن بە ماڵ و بینا و باڵەخانەكانی دووروبەری بارەگاكە و لە ناویشیاندا دووكانێكی كتێبفرۆشی.

"لەناو دووكانەكەدا منداڵێكی ١٢ ساڵی یەزیدی بە ناوی سەڵاح خزر، كە یارمەتیی باوكی دەدا لە دووكانە كتێبفرۆشییەكەدا، بەر هێرشەكە دەكەوێت و گیان لەدەست دەدات. هەر لەو هێرشەدا باپیری سەڵاح و ٨ هاووڵاتیی تری مەدەنیی ناوچەكە بریندار بوون".

سی پی تی و هاوبەشەكانی دەڵێن "بۆردوومانەكەی توركیا بۆ سەر گەڕەكێك كە خەڵكی مەدەنیی تێدا نیشتەجێیە، بە تاوانی جەنگ هەژمار دەكرێت".

لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تاوەكو ئێستا، هێزەكانی توركیا سەرقاڵی دروستكردنی بنكە و بارەگای سەربازین لەسەر لووتكەی چیا و زنجیرە شاخەكانی سەر سنووری نێوان توركیا و عێراق، لە ناوچەی سیدەكانەوە بۆ حەفتانین لە قەزای زاخۆ.

لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ لە ١٧ی نیسانەوە تاوەكو ٢٥ نیسان، سوپای توركیا چوار بارەگای سەربازیی نوێی دامەزراندووە، بەشێوەیەك دوو بارەگا لە ئاڤاشین و دوو بارەگای تر لە زاپ. لە ١٦ی حوزەیرانیشەوە دروستكردنی بارەگایەكی تری سەربازیی لەسەر چیای كوڕەژارۆ كە بەسەر ناحیەی شیلادزێدا دەڕوانێت، دەست پێ كردووە.

هەروەها سوپای توركیا پەرەی بە دروستكردنی تۆڕی ڕێگاوبان داوە بۆ بەستنەوەی بارەگا سەربازییەكانی بە یەكترییەوە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا و بەستنەوەیان بە ناوچەكانی سنووری توركیاوە، بە مەبەستی ئاسانكاریكردن لە هێنانی پاڵپشتی و پڕچەككردنی بارەگاكان و بەهێزكردن و مانەوەی ئەو ناوچە داگیركراوانە لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا.

لە ڕاپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانیدا هاتووە "لەو ناوچە شاخاوییانەوە كە توركیا بارەگای سەربازیی تێدا دامەزراندووە، تۆپخانەكانی توركیا ئەو هاووڵاتییانەی كە لە گوندەكاندا دەژین و ئەو جووتیارانەی كە لە زەوییە كشتوكاڵییەكانیاندا جووتیاری دەكەن، بە ئامانج دەگرن".

"لە ١٥ و ١٧ی حوزەیراندا، سەربازانی سوپای توركیا لە بارەگا سەربازییەكانیانەوە، ٥ هاووڵاتیی مەدەنییان لە گوندەكانی سەر سنوور بەئامانج گرت و برینداریان كردن"، ڕاپۆرتەكە وا دەڵێت.

تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی دەڵێت "لە هەموو ناوچە و گوندەكانی دەوروبەری دەیان بارەگای سەربازیی توركیا بە درێژایی سنوور، ئاوارەكردنی بە
زۆرەملێی هاووڵاتیانی مەدەنی و ئابڵوقە خستنە سەر سەرچاوەكانی بژێویی ژیانی خەڵكی سڤیل هەیە كە پێشێلكردنی ئاشكرای یاسای
نێودەوڵەتی مرۆیی Law Humanitarian International'ـە"

هەروەها لە ٢٦ی ئایاردا، سوپای توركیا بە سێ‌ هاوەن، فێستیڤاڵی خەڵكی گوندی زێوای لە ناحیەی بامەڕنێ كردووەتە ئامانج و سێ‌ منداڵ (یوسف كۆڤانی ١٣ ساڵان، ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەست دا و سیپان فەرهادی ٨ ساڵانیش بە سەختی بریندار بوو".

تیمی كوردستانی عێراقی CPTلەگەڵ هاوبەشەكانی، كەمپەینی "كۆتاییهێنان بە بۆردوومانەكانی سەر سنوور"یان ڕاگەیاندووە و سەركۆنەی "كردە سەربازییەكانی توركیا لە كوشتنی هەر هاووڵاتییەكی مەدەنی و زیان گەیاندن بە گوند و ڕەز و باخ و ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی مەدەنی" دەكەن.