كۆبوونەوەی بارزانی و فراكسیۆنی پارتی بە ئامادەیی ڕێبەر ئەحمەد، هەڵوێستی پارتی دەربارەی سەرۆككۆمار نەگۆڕە

02-07-2022 08:13

پەرەگراف

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە. هەڵوێستی حیزبەكە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار نەگۆڕە.

بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی كردووەتەوە كە "گۆڕانكارییە سیاسییەكان و هاوكێشەكان ھەر چۆنێك بن، دەبێ گرفتەكان لە ڕێگەی پابەندبوون بە دەستوور و ڕەچاوكردنی ھەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت، تەوافوق و تەوازن چارەسەر بكرێت، ئەم پڕەنسیپانە دەبێ لەسەر كاری حكومەتی داھاتوو و ھەموو كوتلە سیاسییەكان ڕەنگ بداتەوە".

بەپێی هەواڵی بارەگای بارزانی، سەرۆكی پارتی دووپاتی كردووەتەوە كە "پارتی لەگەڵ ناكۆكی و قووڵبوونی قەیرانەكان نییە، بەڵكو ئەوەی بەلایەوە گرنگە پاراستنی مافە دەستوورییەكان و كەرامەتی ھاووڵاتیانە".

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ بە پەرەگرافـی ڕاگەیاند "هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بە فەرمی دەستی بە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان نەكردووە، دوای جەژنی قوربان دەست دەكەن بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان".

بە قسەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، حیزبەكەی "لەگەڵ چارەسەری كێشەكاندایە و جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی تەوافوق، شەراكەت و تەوازن" داواكرییەكانی پارتییە و دەڵێت "داوای هیچ پۆستێكمان نەكردووە و بۆ پۆستیش لە عێراق نیین".

"داواكارییەكانی ئێمە ڕوونن، خۆی دەبینێتەوە لە جێبەجێكردنی ماددە دەستوورییەكان، لەوانە جێبەجێكردنی مادەی 140 و بوودجە و مافەكانی تریش كە لە دەستووردا ئاماژەیان پێ دراوە"، سیپان شێروانی بۆ پەرەگراف وای وت.

پێوەند بە پۆستی سەرۆككۆمار، پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت "لە كۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی بە هیچ شێوەیەك باسی ئەو دۆسیەیە نەكراوە و هەڵوێستی پارتییش هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، هیچ پێشهاتێكی نوێ لەوبارەیەوە نییە".

هاوكات شێروانی دەڵێت "بۆ ئێمە گرنگە شەریكێكی ڕاستەقینە بین و بگەین بە مافە دەستوورییەكانمان، نەك پۆستی سەرۆككۆمار، تەنانەت پۆستی وەزارەتەكانیش گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەست بەوە بكەن چیتر هاووڵاتیی دەرەجە دوو نین لە عێراقدا".

سیپان شێرونی بوونی كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دەبەستێتەوە بە ڕێكنەكەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی و دەڵێت "زۆر هەوڵمان دا بە یەك كاندید بچین، بە داخەوە بە ناچاری بە دوو كاندید ڕۆیشتین".

هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە كاتێكدایە پارتی و سوننەكان لێكتێگەیشتنیان لەسەر داواكارییەكانیان هەیە، ئەو لێكگەیشتنەش وەك باسی لێوە كراوە تا بایكۆت كردن و نەچوونە ناو حكومەتی نوێیە.

سیپان شێروانی دەڵێت "لەگەڵ سوننەكان 95 كورسیمان هەیە و پێویستمان بە 15 كورسی هەیە تا دانیشتنی پەرلەمان پەك بخەین، بەڵام هێشتا بیر لەو بابەتە نەكراوەتەوە، هێشتا زووە قسە لەسەر پەكخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەین".