باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدر ئامادەكاری بۆ هەر دۆخێكی لەناكاو دەكات، لایەنگرانیشی دەڵێن 'چاوەڕێی فەرمانین'

02-07-2022 08:38

پەرەگراف

سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی موقتەدا سەدر، ئامادەكاری بۆ هەر دۆخیكی لەناكاو دەكات. لایەنگرانی سەدریش دەڵێن "ئامادەین و چاوەڕێی فەرمانین".

دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی، چاوەكان لەسەر هەنگاوی داهاتووی سەدرن و پرسیاری سەرەكیی شەقام ئەوەیە: سەدر بەنیازی چییە؟

لەگەڵ ئەو دۆخە ناڕوونەدا، ئەمڕۆ بەرپرسی سەرایا سەلام كە باڵای سەربازیی سەدرییەكانە، لە پارێزگای موسەننا داوای لە ھێزەكانی كردووە ئامادەی ھەردۆخێكی لەناكاو بن.

ئەوەش دوای تویتێكی محەمەد ساڵح عێراقی دێت كە بە كەسایەتییەكی نزیك لە سەدر دادەنرێت و ئەوەی خستووەتەڕوو، كشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی مانای ڕادەستكردنی عێراق نییە بە گەندەڵكاران و دەڵێت "بەڵكو بەم زووانە دەبینن چی ڕوو دەدات".

دوای ئەو هەڵوێستەی ئەو كەسایەتییەی نزیك لە سەدر، ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی سەدر لە حكومەت و عەشیرەتە جیاوازەكانی ناوچەكانی عێراق، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ھەر دۆخێكی لەناكاو و ھەر بڕێك كە موقتەدا سەدر بیدات.

لایەنگرانی سەدر بە فراوانی هاشتاگی "ئامادەین" بڵاو دەكەنەوە و جەخت دەكەنەوە كە ئامادەن و چاوەڕێی فەرمانن لە موقتەدا سەدرەوە.

هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، سوودمەندترین لایەنە لە كشانەوەی ٧٣ پەرلەمانتارەکەی سەدرییەكان و ١٢ كورسی بەركەوتووە، بەوەش ژمارەی پەرلەمانتارەكانی لە ١٧وە دەبنە ٢٩.

دوای فەتح، بزووتنەوەی ئیمتیداد و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان زۆرترین كورسیی سەدرییەكان پڕ دەكەنەوە و هەریەكەیان ٧ كەسی دیكەیان دەبێتە پەرلەمانتار، دەوڵەتی یاسای نووری مالكییش ٤ كورسیی بەردەكەوێت و پەرلەمانتارەكانی لە ٣٣وە دەبنە ٣٧، كورسییەكانی دیكە بەر لیستەكانی دیكەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ١٠ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو دەكەون.