حەلبووسی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و چارەنووسی بەرهەم ساڵح پەیامێک بۆ یەکێتی دەنێرێت

03-07-2022 10:24

پەرەگراف

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا بۆ یەکیتی داوا دەکات بەرهەم ساڵح لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بکشێننەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی کە ئاگاداری پەیامەکەیە بە پەرەگرافی وت "محەمەد حەلبووسی داوای کردووە یەکێتی بەرهەم ساڵح بکشێنێتەوەو لەگەڵ پارتی ڕێککەوێت لەسەر کاندیدێکی هاوبەش".

بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتویەتی، "نە ڕێبەر ئەحمەد و نە بەرهەم ساڵح هیچیان نابن بە سەرۆککۆمارو باشترە ناو ماڵی کورد یەکبخرێت و هەرێمی کوردستان یەکگرتووبێت، لەبەرئەوەی شەڕو پێکدادانی چەکداریی یەکێکە لە سیناریۆکانی بەردەم دۆخی عێراق".

ئەو پەیامە لەکاتێکدایە بڕیارە دوای جەژن چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەستپێبکات بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، یەکەم هەنگاوی ئەو پڕۆسەیەش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەو هێشتا پارتی و یەکێتی سوورن لەسەر کاندیدەکانیان و بڕیارەبە مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر یەک کاندید کۆببنەوە.

دوێنێش مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كۆبووەوەو هەڵوێستی ئەو حیزبە تائێستا لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار نەگۆڕەو دەیەوێت کاندیدەکەی کە ڕێبەر ئەحمەدە پۆستەکە بباتەوە.

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق، بۆ پەرەگراف وتی "لە كۆبوونەوە لەگەڵ بارزانی بە هیچ شێوەیەك باسی ئەو دۆسیەیە نەكراوەو هەڵوێستی پارتییش هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، هیچ پێشهاتێكی نوێ لەوبارەیەوە نییە".

پارتی و سوننەكان لێكتێگەیشتنیان لەسەر داواكارییەكانیان هەیە، سیپان شێروانی دەڵێت "لەگەڵ سوننەكان 95 كورسیمان هەیە و پێویستمان بە 15 كورسی هەیە تا دانیشتنی پەرلەمان پەك بخەین، بەڵام هێشتا بیر لەو بابەتە نەكراوەتەوە، هێشتا زووە قسە لەسەر پەكخستنی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەین".

نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردندا تێدەپەڕێ و ھێشتا لە نێوان لایەنەکان بەتایبەت لە ناوماڵی شیعە ڕێککەوتن نییە بۆ پێکھێنانی حکومەت،کشانەوەی سەدریش لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسیی دۆخەکەی ھێندەی دیکە شڵەژاندووە.