ئاڵدار خەلیل: ناتۆ گڵۆپی سەوزی بۆ داگیركردنی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە هەڵكردووە

03-07-2022 10:18

پەرەگراف

ئەندامێكی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە داواى "بەرخۆدانى مێژوویى" دەکات و دەڵێت، توركیا بڕیاری خۆی داوە و پێداگرە كە تەواوی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕژئاواى کوردستان) داگیر بكات، بۆ ئەوەش ناتۆ گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردووە. 

ئاڵدار خەلیل پێی وایە لە كۆبوونەوەی 29ی حوزەیرانی ناتۆدا، "سازش بۆ توركیا دژی گەلی كورد" كراوە و دەڵێت "ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا جارێكی دیكە لەسەر پێداگریی دەوڵەتی تورك لە دژی داواكارییە ئازادییەكانی گەلی كورد یەك دەگرن و نایانەوێت دۆزی گەلی كورد سەربكەوێت".

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، جەخت لەوە دەكاتەوە كە بە ڕێككەوتنەكەی سوید و فینلەندا لەگەڵ توركیا لە ڕێگەی ناتۆوە، گڵۆپی سەوز بۆ هێرشی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان هەڵ كراوە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركارییەكانی توركیا، ئەو بەرپرسە باڵایەی ڕۆژئاوای كوردستان داوای بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی دەكات و تەئكید دەكاتەوە كە تا دواهەناسە بەرخۆدان دەكەن. داواش لە حكومەتی سووریا دەكات پێكەوە سەروەریی وڵاتەكەیان بپارێزن و داگیركەران دەربكەن.

ڕۆژی 1-6-2022، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، لە پەرلەمانی وڵاتەكەی ئۆپەراسیۆنێكی نوێی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند كە سەرەتا ناوچەكانی مەنبج و تەلڕەفعەت دەگرێتەوە، دواتریش بە قووڵایی 30 كیلۆ مەتر لە سنووری وڵاتەكەیەوە بۆ ناو ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان.

هەرچەندە ئەمریكا چەند جارێك دژایەتیی بۆ ئۆپەراسیۆنێكی لەو شێوەیە دەربڕیوە، بەڵام توركیا بە بەردەوامی ئامادەكاریی بۆ دەكات و هێز و چەكی زۆر بۆ نزیكی ئەو ناوچانە گواستووەتەوە.

لە كۆبوونەوەی 29-6-2002ی ناتۆدا، توركیا ئەو مەرجانەی بەسەر سوید و فینلەندادا سەپاند كە داینابوون لە بەرامبەر ڕازی بوون بەوەی ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ. گرنگترن مەرجەكانی توركیا پەیوەستن بە دژایەتیی پەكەكە و ڕۆژئاوای كوردستان.

لە ڕێككەوتنی نێوان توركیا و سوید و فینلەندا كە وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات واژوویان كردووە، ئەوە هاتووە كە هەرسێ وڵات دووپاتی دەكەنەوە "پەكەكە تیرۆریستە"، هەروەها سوید و فینلەندا بەڵێن دەدەن كە هیچ پشتیوانی و پاڵپشتییەكەی پەیەدە و یەپەگە نەكەن لە ڕۆژئاوای كوردستان.

ڕۆژێك دوای ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئەردۆغانەوە، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، نیگەرانیی نیشان دا لە هەڕەشە نوێیەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و هۆشداریی دا لە دروستبوونی تراژیدیایەكی نوێی مرۆیی.

مەزڵوم كۆبانێ لە تویتێكدا لە ڕۆژی 2-6-2022 وتی "ئێمە لە هەڕەشە نوێیەكانی توركیا نیگەرانین كە مەترسیی گەورە دەخاتە سەر باكووری سووریا. هەر هێرشێك بكرێت، سوورییەكان دابەش دەكات، قەیرانێكی نوێی مرۆیی دروست دەكات و دانیشتوانی ناوچەكە و ئاوارەكانیش ئاوارە دەكات".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداریی دەدات كە "گرژیی نوێ كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەڵمەتی دژی داعش دەبێت".

خاڵێكی دیكەی ڕێككەوتنەكەی توركیا و سوید و فینلەندا پەیوەستە بە چالاكییەكانی پەكەكە لەو دوو وڵاتە ئەورووپییە و ئەوە خراوە تەڕوو، پۆلیسی سوید و فینلەندا هەموو چالاكییەكی پەكەكە لە وڵاتەكانیان قەدەغە ‌بكەن و هەموو لقەكانی پەكەكە دابخەن.

هەر لە دوای ئەو ڕێككەوتنە، توركیا داوای ڕادەستكردنی 33 كەسی لەو دوو وڵاتە كرد كە لە لیستی تیرۆری توركیادان. 11 داواكراو لە سوید و شەش داواكراو لە فینلەندا ئەندامی پەكەكەن، هەروها 10 داواكراو لە سوید و شەش لە فینلەندا ئەندامی بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵڵا گولەنن.

بەڵام لە دواین لێدواندا سەرۆكوەزیرانی سوید ڕایگەیاند، ئاگاداری نیگەرانییەكانی كوردن لەبارەی ڕادەستكردنەوەی ئەو كەسانەی توركیا داوایان دەكات، بەڵام دڵنیایی دەدەن كە ئەوانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی سویدن، ڕادەست ناكرێن.

ماگدالینا ئەندێرسن، سەرۆكوەزیرانی سوید، دەڵێت "ئەو كەسانەی هاووڵاتیی سویدی نین و توركیا داوایان دەكات، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەكان و یاساكانی سوید پەیوەست بە ڕادەستكردنەوەی داواكراوان، مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".