ئەو فڕۆکە ئێرانییەی لە هەولێر ڕێگەی نیشتنەوەی پێنەدرا لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە

04-07-2022 04:15
وێنەی فڕۆکەکەی پویا ئەیر لە فڕۆکەخانەی ئورمیە - کاتی گەشتەکە. وێنە؛ فارس نیوز

پەرەگراف

هێڵی ئاسمانیی پویا ئەیری ئێرانی کە لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی نەدرا، لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایەو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هۆشداریی داوەتە وڵاتانی جیهان کە مامەڵە لەگەڵکردنی سەرکێشییە.

فڕۆکەخانەی هەولێر ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ڕێگەیان بە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی پویا ئەیر نەداوە بەهۆی ئەوەی "مۆڵەتی نیشتنەوەی نەبووەو ڕێکارە یاساییەکانی ئەنجامدانی گەشتی بۆ هەولێر تەواو نەکردووە".

ئەو فڕۆکەیە ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی ورمێ دوای ڕێوڕەسمێک بەرەو هەولێر بەڕێکرا وەک دەستپێکردنی یەکەم گەشتی نێوان ئەو دوو پارێزگایە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکانی ورمێ ڕایگەیاند، رۆژانی دووشەممەی هەموو هەفتەیەک پویا ئەیر گەشت بۆ هەولێر ئەنجام دەدات.

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی پویا ئەیری ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٨وە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فڕۆکەوانیی ئێران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ئەو کۆمپانیایانە تۆمەتبار دەکات بە   پاڵپشتی لە سوپای پاسدارانی ئێران کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادایە، لەگەڵ "گواستنەوەی چەک و چەکدارو پارە بۆ هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە، لەوانەش حیزبوڵای لوبنان و ڕژێمی ئەسەد لە سوریا".

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت، هۆشداری دەدەنە وڵاتان و کۆمپانیاکان لە سەرتاسەری دونیا کە ڕێگەدان بە نیشتنەوەی فڕۆکەی پویا ئەیر سەرکێشییەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانیش ئاگادار کراونەتەوە لە مەترسیی سزاکان بۆسەریان لە ئەگەری هەرجۆرە مامەڵەو بازرگانییەک لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا.