توركیا كوژرانی بەرپرسێكی باڵای پەكەكەی ڕاگەیاند

04-07-2022 05:06

پەرەگراف

دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت)، گیانلەدەستدانی بەرپرسی چالاكییە سەربازییەكانی هەپەگەی لە ناوچەی گارە ڕاگەیاند. میت دەڵێت "كۆبوونەوەی پەكەكە كراوەتە ئامانج و چەند كەسێك لە چالاكی خراون".

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاوی كردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێكی دەزگای ھەواڵگریی توركیا لە ناوچەی گارەی باكووری عێراق، خانم دەمیر كە ناوی خوازراوی (بەرفین نورحەق)ـە، بەرپرسی چالاكییە سەربازییەكانی هەپەگە (باڵی سەربازیی پەكەكە)یە، لە كۆبوونەوەیەكدا كراوەتە ئامانج.

بەپێی ئاژانسەكە، "دوای ئەوەی شوێنی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی خانم دەمیر لەگەڵ ئەندامانی پەكەكە لە ناوچەی گارە لەلایەن میتەوە دیاری كراوە، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو شوێنە ئەنجام دراوە و لە ئاكامدا دەمیر و چەند كەسێكی دیكە (كە ژمارەیان نەزانراوە)، لە چالاكی خراون".

هەروەها باس لەوە كراوەكە كە ئەو بەرپرسەی پەكەكە، هاوكات "ئەندامی ئەنجوومەنی ھەپەگە و بەرپرسی لقی ژنانی یەژەئا-ستار بووە".

ئاژانسی ئەنادۆڵ دەڵێت "خانم دەمیر لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا چووەتە نێو ڕیزەكانی پەكەكە. یەكێك بووە لە پلانداڕێژەری هێرشەكان دژ بە ھێزە ئەمنییەكانی توركیا. ھەروەھا لە ناوچەكانی گارە و شنگال چالاكیی ئەنجام داوە و مەشقی ئایدۆلۆژی و چەكداریی بە ئەندامانی پەكەكە كردووە".