فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا كەمپی مەخمووری بۆردوومان كرد و بریندار هەیە

05-07-2022 01:41
وێنەی ئاسەواری بۆردومانەکەی ئەمڕۆ

پەرەگراف - فەرمان سادق

لە هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا بۆ سەر كەمپی مەخموور "هاووڵاتییەكی مەدەنی بریندار بووە و چواری دیكە تەنگەنەفەس بوون".

نێچیرڤان مەحموود حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەمپی شەهید جودی لە مەخموور، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیاوە مووشەكێك ئاراستەی ماڵی هاووڵاتییەكی مەدەنی لە ناوەڕاستی كەمپەكە كراوە".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەمپی شەهید جودی لە مەخموور وتیشی "بریندارێكمان هەیە كە ئافرەتە و برینەكەی سووكە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی گەیارەمان كردووە. چوار ئافرەتی دیكەش تووشی تەنگەنەفەسی بوون".

ئەو بەرپرسەی كەمپی مەخموور ڕەتیشی كردەوە كە ئەو ماڵەی كراوەتە ئامانج هی ئەندامی پەكەكە بووبێت و وتی "ماڵی هاووڵاتییەكی مەدەنییە، هاوشێوەی هەموو ئەو خێزانانەی دیكە كە لە كەمپەكەدان".

كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)ی تێدایە، توركیا هاوشانی قەندیل‌و شەنگال، بەردەوام ناوی مەخموریش دەهێنێت‌و هەڕشەی لێدان دەكات، پێشتریش چەندینجار بۆردومانی كەمپەكەی كردووەو زیانی گیانیی لێكەوتووەتەوە.

هاوكات پەیجی دژەتیرۆری كوردستان دەڵێت "بە گوێرەی زانیارییەكانی دژەتیرۆری كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تەممووزی 2022، كاتژمێر 12:30ی پاشنیوەڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا بۆردوومانی بارەگایەكی چەكدارانی پەكەكەی لە كەمپی مەخموور كردووە و زیانی گیانی و ماددیی لێ كەوتووەتەوە".

ڤیدیۆی بۆردومانەکەی ئەمڕۆ