ھیڤیدار ئەحمەد: بەنزینی ٨٠٠ دیناری ھیچ تایبەتمەندییەکی بەنزینی تێدا نییەو ئۆتۆمبێلەکەی خراپ کردم

05-07-2022 03:19

پەرەگراف

ھیڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی و جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: بەنزینی ٨٠٠ دیناری ھیچ تایبەتمەندییەکی بەنزینی تێدا نییەو گوناھێکی گەورەیە سامانە سروشتییەکان ڕێگەدەدات ئەو بەنزینە دابەش بکرێت.

ئەو بەنزینە حکومەت پاڵپشتی نرخەکەی دەکات و ڕۆژانە یەک ملیارو ٢٠٠ ملیۆن دینار لەسەر حکومەتی هەرێم دەکەوێت.

"خەڵک لە ناچاریدا بەنزینی ٨٠٠ دیناری دەكڕێت، بەڵام دواتر ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچەی پیشەسازی دەبینێتەوە. ئەوەی بەنزینی ٨٠٠ دیناری دەکاتە ئۆتۆمبێلەکەی دەستکورتەو ھەر ئەویشە دەچێتە ناوچەی پیشەسازی و پارەی زیاتر لە ئۆتۆمبێلەکەیدا خەرج دەکات" ئەو پەرلەمانتارە لە پۆستێکدا لە فەیسبووک وادەڵێت.

ھیڤیدار دەشڵێت "ئێستا بەنزینی ١١٥٠ دیناریش پاک نییە. بەڕێوەبەرایەتی سامانە سروشتییەکان لە دھۆک یان دەزانن ئەو بەنزینە پیسە، یاخود پشکنینی بۆ ناکەن، یان خۆیانی تێناگەیەنن یان ....".

بەنزینی ٨٠٠ دیناری بەرهەمی پاڵاوگەی ناوخۆیەو، حکومەتی هەرێم پاڵپشتی دەکات و بۆ چارەسەری کێشەی گرانیی بەنزین دەیخاتە بازاڕەوە، وەزیری سامانە سروشتیەكان پێشتر ڕایگەیاند، ئەو بەنزینە بۆ هەر لیترێكی ۱۲۰۰ دینار لەسەر حكومەت دەكەوێت و ٤۰۰ دینار پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی نرخەكەی بۆ ٨۰۰ دینار دابەزێت، بەوەش بۆ ۳ ملیۆن لیتر بەنزینی ڕۆژانە کە ٢ ملیۆنی بۆ هەولێرو دهۆک و ملیۆنێکی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە دابین دەکرێت، ملیارێك و ۲۰۰ ملیۆن دینار پاڵپشتی حكومەتە بۆ نرخی بەنزین.

هەرچەندە ماوەیەکە حکومەت ئەو بەنزینە دابین دەکات، بەڵام شۆفێران ڕەخنەی زۆریان لێی هەیەو زۆرکەس نایکاتە ئۆتۆمبێلەکەی، بەوەش ئەو هەنگاوەی حکومەت کاریگەریی لەسەر بازاڕی بەنزین و نرخەکەی نەبووەو هەر بە بەرزیی ماوەتەوە.