دوو ڕۆژە خانەنشینان بە دەستی خاڵی لە بانكەكان دەگەڕێنەوە

06-07-2022 02:00

پەرگراف

بۆ دووەم ڕۆژی لەسەر یەك، زۆرینەی خانەنشینان پاش چەند كاتژمێر چاوەڕوانی لە نۆرەی مووچەدا، بە بێهیوایی گەڕانەوە ماڵەوە و مووچەكانیان پێ‌ نەدرا. ئەگەری هەیە بەشێك لە خانەنشینان و فەرمانبەران بەر لە جەژن مووچەیان پێ‌ نەدرێت.

هەرچەندە بڕیار بوو دوێنێ‌ ٥-٧-٢٠٢٢، مووچەی سەرجەم خانەنشینان لە هەرێم دابەش بكرێت، بەڵام لە ئیدارەی سلێمانی جارێكی دیكە كێشەی نەبوونی پارە لە بانكەكان سەری هەڵدایەوە، ڕۆژانە بڕێك پارەی كەم دێتە بانكەكان كە بەشی ژمارەیەك مووچەخۆر دەكات، هەر بۆیە ئەمڕۆیش زۆرینەی خانەنشینان مووچەیان پێ‌ نەدرا.

یەكێك لە خانەنشینان بە پەرەگرافی وت "دوو ڕۆژە دێم بۆ وەرگرتنی مووچە و پێم نادەن، ئەمڕۆیش دەڵێن پارە نەماوە و بڕۆن سبەینێ‌ بێنەوە".

ئەو خانەنشینە وتیشی "مووچەكەم ئەوەندە کەمە بەشی یەك لەسەر پێنجی پێداویستییەكانی ژیانیشمان ناكات، کەچى بەو شێوەیەش پێمان دەدەن".

بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی، وەزارەتەكانی كارەبا، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون، ڕۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا، شارەوانی و گەشتوگوزار و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لە ٥ تا ٧ی مانگ مووچەكانیان وەردەگرن، بەڵام هیچ دڵنیاییەك نییە كە پارەی پێویست بۆ پێدانی مووچەی ئەو وەزارەتانە بە تایبەت لە سنووری ئیدرەی سلێمانی هەبێت.