ڕۆژئاوای کوردستان باری نائاسایی ڕاگەیاند

06-07-2022 03:13

پەرەگراف

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا-ڕۆژئاوای کوردستان- باری نائاسایی لە سەرجەم ناوچەکان ڕاگەیاند، بەهۆی هەڕەشەو بۆردومانەکانی تورکیاوە.

ئیدارەکە لە بەیاننامەیەکدا داوا لە سەرجەم ئەنجومەن و دەستەو لیژنەو دامەزراوەی ناوچەکان دەکات پلانی بەپەلەو خێرایان هەبێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکان و ئەولەوییەتی کارەکانیش ڕوبەڕوبوونەوەی تورکیا بێت.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە کاتێکدایە تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانی ناوچە سنورییەکان و ناردنی هێزی زەمینی بۆ سەر سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.

ڕۆژی 1-6-2022، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، لە پەرلەمانی وڵاتەكەی ئۆپەراسیۆنێكی نوێی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند كە سەرەتا ناوچەكانی مەنبج و تەلڕەفعەت دەگرێتەوە، دواتریش بە قووڵایی 30 كیلۆ مەتر لە سنووری وڵاتەكەیەوە بۆ ناو ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان.

هەرچەندە ئەمریكا چەند جارێك دژایەتیی بۆ ئۆپەراسیۆنێكی لەو شێوەیە دەربڕیوە، بەڵام توركیا بە بەردەوامی ئامادەكاریی بۆ دەكات و هێز و چەكی زۆر بۆ نزیكی ئەو ناوچانە گواستووەتەوە.

ڕۆژێك دوای ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئەردۆغانەوە، مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، نیگەرانیی نیشان دا لە هەڕەشە نوێیەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و هۆشداریی دا لە دروستبوونی تراژیدیایەكی نوێی مرۆیی.

مەزڵوم كۆبانێ لە تویتێكدا لە ڕۆژی 2-6-2022 وتی "ئێمە لە هەڕەشە نوێیەكانی توركیا نیگەرانین كە مەترسیی گەورە دەخاتە سەر باكووری سووریا. هەر هێرشێك بكرێت، سوورییەكان دابەش دەكات، قەیرانێكی نوێی مرۆیی دروست دەكات و دانیشتوانی ناوچەكە و ئاوارەكانیش ئاوارە دەكات".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداریی دەدات كە "گرژیی نوێ كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەڵمەتی دژی داعش دەبێت".