وەزیری نەوتی عێراق: گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم نایاسایین و دەچنە خانەی بەقاچاخبردنی نەوتەوە

08-07-2022 12:10
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم نایاسایین و دەچنە خانەی بەقاچاخبردنی نەوتەوەو ھەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەنن بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو گرێبەستانە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی وت، رێکار لە دژی 17 کۆمپانیای نەوتی دەگرنەبەر کە لەگەڵ ھەرێم کار دەکەن و سەرەتا بە نامە ئاگاداریان دەکەنەوە.

"ئێمە پەیامێکی نەرمیان پێدەدەین و دەڵێین: ئێوە لە بەقاچاخبردنی نەوتدا کاردەکەن، ئەگەر ئەوان کۆمپانیای خاوەن رێز بن، ئەوا گوێمان لێ دەگرن".

ئەو ھەڵوێستە تووندەی وەزیری نەوتی عێراق، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە کۆی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی بە نادەستوری لەقەڵەمدا، لەکاتێکدایە تائێستا حکومەتی ھەرێم بڕیارەکە ڕەتدەکاتەوەو لەبەرامبەردا دادگاکە بە نادەستوریی ناودەبات و بڕیارەکەی بەسیاسی لەقەڵەم دەدات.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە بڕیارەکە لە دۆخێکی سیاسیی هەستیاردا دراوە، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە بڕیارێکی سیاسی بووبێت

ئیحسان عەبدولجەبار ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دادگای بازرگانیی بەغداد لە کۆی حەوت گرێبەستی کۆمپانیاکان لەگەڵ ھەرێم، چوار گرێبەستی بە نایاسایی دانان، دەشڵێت ئەو سێیەی کە ماون لە دانیشتنێکی 17ـی تەممووزدا بڕیاریانلەسەر دەدرێت.

وەزیری نەوتی عێراق ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئامانجی کۆتاییان هەڵوەشاندنەوەی 17 گرێبەستە، "بەشێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئیماراتییەکان و ئەوانی دیکەش لەگەڵ کۆمپانیای چینی و رووسیدا واژۆکراون". 

ئیحسان عەبدولجەبار پلانی وەزارەتەکەی خستەڕوو، کە بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان دەخاتە بەردەم کۆمپانیاکان، یان کۆمپانیاکان داوا لە حکومەتی عێراق بکەن بۆ ماوەیەک چاوپۆشییان لێ بکات، یان گرێبەستەکانیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە بگوازنەوە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق

ئیحسان عەبدولجەبار هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکان کە ئەگەر پابەندی بڕیارە فیدراڵییەکان نەبن، بەغداد پەنا دەباتە بەر "یاسا و بانکەکان".