دەیان هەزار گەشتیار بۆ جەژن ڕوویان لە سلێمانی كردووە

08-07-2022 04:53

هەردی عوسمان - پەراگراف

لە ماوەی كەمتر لە ٤٨ كاژمێردا، ٢٧ هەزار گەشتیار تەنیا لە بازگەی تاسڵووجەوە داخڵی سلێمانی بوون. گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 900 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سلێمانی كردووە".

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست پەرەگراف كەوتووە، دوێنی ٧-٨-٢٠٢٢، نزیكەی ١٥ هەزار گەشتیار لە بازگەی تاسڵووجەوە داخڵی سلێمانی بوون، ئەمڕۆیش تا نزیكی كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، ١٢ هەزار گەشتیاری تر تەنیا لەو بازگەوە داخڵ بوون.

عەلی ڕەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی، بە پەرەگرافی وت "لەسەدا ٩٨ی هۆتێل، مۆتێل و میوانخانەكانی سلێمانی پڕ بوون لە گەشتیار".

زۆرینەی هەرە زۆری ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، لە ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ پەرەگراف جەخت دەكاتەوە كە سەبارەت بە نرخ، چاودێرییان لەسەر هۆتێل و مۆتێل و میوانخانەكان داناوە، بەڵام نایشارێتەوە كە كرێی ئەو شوێنانە بە ڕێژەیەكی زۆر كەم "كەمتر لە پێنج هەزار"، بەرز بوونەتەوە.

هەروەها باسی لەوە كرد كە هۆڵێكی گەورە بۆ گەشتیاران لە بازگەی تاسڵووجە دابین كراوە بۆ كاتی چاوەڕوانیی گەشتیاران و ڕێكارەكانی داخڵبوونیشیان بە كەمتر لە كاتژمێرێك تەواو دەبێت.