لایەنە شیعەکان بۆ کورد: پەلە بکەن لە یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆمار

10-07-2022 02:56

پەرەگراف

سەرکردەکانی لایەنە شیعەکانی عێراق داوا لە کورد دەکەن، پەلە بکەن لە یەکلاییکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئەمڕۆ لە وتاریاندا بە بۆنەی جەژنەوە ئەو داوایەیان ئاڕاستەی کورد کرد.

هەریەکە لە پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ وەک حیزب کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە، بەدەر لەوانیش چەندین کەسایەتیی دیکەی کورد خۆیان بۆ پۆستەکە پاڵاوتووە.

ڕکابەریی سەرەکی لە نێوان پارتی و یەکێتی دایەو هێشتا ئەو دوو حیزبە ڕێکنەکەوتوون لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، هەریەکەیان سوورە لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکە، پارتی بۆ ڕێبەر ئەحمەد و یەکێتی بۆ بەرهەم ساڵح.

خەزعەلی ئاماژەی بەوەکرد کێشەکانی ناو ماڵی کورد لە کێشەکانی ناو ماڵی شیعە گەورەترن، وتی "لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کێشەی گەورە لە نێوانیاندا نییە و زوو ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە".

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگیی کە دوای کشانەوەی سەدرییەکان هاوپەیمانییەکەی خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ کورسییە لە پەرلەمان، وتیشی، "پاش کشانەوەی سەدرییەکان پێکهێنانی حکومەتی نوێ دواناکەوێت و دەرفەت هەیە پاش جەژن پەرلەمانی کۆببێتەوە و حکومەت پێکبێنن".

لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە، خەزعەلی وتی "چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ کۆدەنگیی کورددایە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام کێشەکانی ناوماڵی کورد زۆر گەورەن و لە کێشەکانی ناو ماڵی شیعە گەورەترن. ئێمە زۆر چاوەڕوانی کورد ناکەین بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار".

هەرلەسەر ناکۆکییەکانی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئەمڕۆ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق لە وتارێکدا بەبۆنەی جەژنەوە لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە وتی "داوا لە برایانی هەرێمی کوردستان دەکەین و هانیان دەدەین، بۆ ئەوەی پەلە بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمارو بە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەوە سەیری ئەم بەرکەوتە نیشتمانییە بکەن". 

حەکیم وتیشی "پۆستی سەرۆککۆمار، مانای هەموو عێراقییەکان دەگەیەنێت، نەک تەنیا برایانی کورد، گەورەترە لەوەی بەرکەوتەی پێکهاتەیەکی وڵات بێت، بەڵکو گەرەنتی یەکڕیزیی عێراقییەکانە، گەرەنتی چاککردنی دەستوور و سەروەریی بەرژەوەندیی باڵای گەلە."