دادگای كەرخ دەربارەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی چ بڕیارێكی داوە؟

11-07-2022 04:16

پەرەگراف

دادگای بەرایى كەرخ لە بەغداد، بە پاساوی "پشت نەبەستن بە هیچ دەقێكی یاسایی"، یەک مانگ لەمەوبەر داواكارییەكی پارێزەرەكەی لاهور شێخ جەنگیی بۆ ڕاگرتنی گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی ڕەت كردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دەڵێت "دواتر مەرجە یاساییەكان تەواو كردووە و داواكە لەلایەن دادگاوە قبووڵ كراوە".

بەپێی نووسراوێك كە میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، لە ٦-٦-٢٠٢٢ پارێزەری لاهور شێخ جەنگی داوای لە دادگای بەرایی كەرخ لە بەغداد كردووە كە (امر ولائی) دەربكات بۆ ڕاگرتنی ڕێكار و بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی، بەڵام لە ١٢-٦-٢٠٢٢ داواكارییەكە لەلایەن دادوەرەوە ڕەت كراوەتەوە.

بەپێی ئەو نووسراوەی میدیای یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، دادوەر بە خەتى سەوز لەسەر داواکارییەکە نووسیویەتى "داواكە بینرا و بڕیار درا بە ڕەتكردنەوەى. داواكاری ئەو كەسەی كە داوای ئەمری وەلائیی كردووە، پشتی بە ھیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووە". هاوكات دادوەر دەڵێت "ئەم فەرمانە قابیلی تانەلێدان و پێداچوونەوەیە".

سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دوای ڕەتكردنەوەی داواكارییەكە، مەرجەكانی دادگا بۆ دەركردنی ئەمری وەلائی لەلایەن پارێزەری لاهور شێخ جەنگییەوە تەواو كراوە و دووبارە پێشكەشی دادگا كراوەتەوە".

بە قسەی ئەو سەرچاوەیە، داواكاریی پارێزەری لاهور شێخ جەنگی بۆ "دەركردنی ئەمری وەلائی، لەلایەن دادگاوە پەسەند كراوە و ئەمری وەلائی لەوبارەیەوە دەرچووە".

ئەمری وەلائی، بڕیارێكە دادگا دەری دەكات لەسەر داواكاریی سکاڵاکارێک، بەبێ ئەوەی داوالەسەركراو ئاگادار بێت. بڕیارێكی كاتییە تا ئەو كاتەی بڕیاری دادگا لەسەر دۆسیەیەكی دیاریكراو دەردەچێت.

لاھور شێخ جەنگی داوای كردووە بە ئەمری وەلائی ڕێكارەكانی ناو یەكێتی و بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی ڕابگیرێن، تا ئەو کاتەى دۆسیەى سکاڵاکەى لەبارەى ڕووداوەکانى دواى ٨ى تەمووزەوە یەكلایی دەبێتەوە و بڕیاری دادگا دەردەچێت.

لاهور شێخ جەنگی لە بەرانبەر دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی و ژمارەیەك بڕیاری دیكەی بافڵ تاڵەبانی لە دوای ڕووداوەكانی ٨ی تەمووزی ٢٠٢١، لە دادگای كەرخ لە بەغداد، سكاڵای تۆمار كردووە و دەڵێت كە ئەو بڕیارانە "پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە". تا ئێستا دادگا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە نەداوە.