مالکی ڕەتیدەکاتەوە ئەو تۆمارە دەنگییە ھی ئەو بێت کە تێیدا ھێرشی تووند دەکرێتەسەر سەدر

13-07-2022 02:57

پەرەگراف

نوری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕەتیدەکاتەوە ئەو تۆمارە دەنگییەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ھیی ئەو بێت، لەتۆمارەکەدا ھێرشی تووند کراوەتەسەر موقتەدا سەدر.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالکی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، تۆمارەکە باس لە کۆمەڵێک پرس و هەڵوێستی سیاسی دەکات کە لەگەڵ رێبازی مالکی و دەوڵەتی یاسادا یەکناگرنەوە.

"بڵاوکردنەوەی ئەم تۆمارە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا دێت كە پرۆسەی سیاسی و واقیعی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت و ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە ئامادەكاری بۆ تۆمارەكە پێشوەختەکراوەو گوماناوییە. ئێمە تەئکید دەکەینەوە ئەوەی کە لەم تۆمارە دەنگییەدا ھاتووە هی بەڕێز نوری مالکی نییەو ڕوونە کە هەندێک لایەن بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن دەنگەکەیان هەڵبەستووە" نووسینگەی مالکی وادەڵێت.

نووسینگەکەی مالکی، داوا لە میدیاکان دەکات ئاگاداربن لە "کەوتنە بۆسەی هەواڵە هەڵبەستراوەکان کە لەلایەن هەندێک کەناڵی گوماناوییەوە بانگەشەیان بۆ دەکرێت، هەروەها زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن".

تۆمارە دەنگییەکە لەلایەن عەلی فازڵ نووسەرو ڕاگەیاندنکاری عێراقی لە تویتەر بڵاوکراوەتەوەو ماوەکەی ٢ خولەک و ٣٨ چرکەیە، عەلی دەڵێت: ئەوە بەشێکە لە تۆمارەکە کە دانیشتنێکی مالکییە لەگەڵ کەسە نزیکەکانی و ماوەکەی یەک کاتژمێرەو لە داھاتوودا بەشەکانی دیکەیشی بڵاودەکاتەوە.

لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئەو کەسەی دەگوترێت دەنگی مالکییە-خۆی ڕەتی دەکاتەوە ئەوبێت- ھێرشی تووند دەکاتەسەر موقتەدا سەدرو بەکەسێکی "نەفامی ھیچ نەزان" وەسفی دەکات.

"سەدر دەیەوێت بێتەسەر حوکم چی دەکات؟ من شارەزای ئەوانم لە بەسرەو بەغدا و کەربەلا شەڕم لەگەڵ کردوون ئەوان ترسنۆکن... سەدر دەیەوێت ببێت بە حەسەن نەسروڵا؟ ئەو نەفامێکی ھیچ نەزانە" دەنگەکە وادەڵێت.

دەنگەکە لەبارەی ھاوپەیمانیی مەسعود بازرانی لەگەڵ سوننەکان دەڵێت "بارزانی سوننەی گرتووەتەخۆی بۆ لێدان لە شیعە ئەمەش پلان بۆداڕێژراوە، ھەوڵیانداوە لە ڕێی موقتەداو چەند کەسێکی دیکەوە دەستبخەنە کاروباری شیعەوە".

عەلی فازڵ لە کاردانەوەی ڕەتکردنەوەکەی مالکی دا دەڵێت "ھەرچی ڕەت دەکاتەوە با ڕەتی بکاتەوە، ئیدانەی ھەرچی دەکات بابیکات. بەڵام جارێکی دیکە کە دەیانبەیتە کۆبوونەوەوە مۆبایلەکانیان لێوەربگرە با بەمجۆرە بڵاونەبێتەوە. سبەینێ چاوەڕوانی تۆماری دووەم بن".