لیژنە بۆ "یەك ملیار دۆلارەكەی لوبنان‌و 250 ملیۆن دۆلارەكەی ڕۆسنەفت" پێكهێنرا

29-03-2020 02:33


پەرەگراف

سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێم لیژنەیەكی بەدواداچوونی پێكهێنا لە بارەی؛ دەنگۆی ئەو 250 ملیۆن دۆلارەی كە گوایە كۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕوسیی وەك شیرینی نەوت داویەتی بە لایەنێك‌و ئەو یەك ملیار دۆلارەی كە گوایە هی هەرێمی كوردستانەو لە بانكێكی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە.

پێكهێنانی لیژنەكە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە بەیاننامەیەكدا، داوا دەكات هەر كەسێك بەڵگەی لایە بیخاتەڕوو، بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی دەگرنەبەر بەرامبەر هەر كەس‌و لایەنێك ئەم بابەتە بەبێ بەڵگە بوروژێنێت.

پێكهێنانی لیژنەكە بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەو ڕاستییەكانە، "داوا دەكەین هەر لایەنێك بەڵگەی پێویستی لایە پێشكەش بەم لیژنەیەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بكات، بە مەبەستی پاراستنی موڵك و ماڵی گشتی لە ڕێگەی ئیمێڵ و ژمارەی مۆبایلی پەیجەكەمان. بە پێچەوانەوە هەر لایەنێك، یان كەناڵێكی ڕاگەیاندن، یان كەسێك بەبێ بەڵگە ئەم بابەتە بوروژێنێت ڕێككاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر".

ئەو بەیاننامەیەی داواكاری گشتی هەرێم دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ جارێكی دیكە حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی لەسەر ئەو دوو بابەتە بڵاو كردەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "سەبارەت بە دەنگۆی وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار وەك شیرینی نەوت لە كۆمپانیای ڕوسنەفت و هەروەها دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ملیارێك دۆلاری هەرێم لە وڵاتی لوبنان. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی دووپاتی دەكاتەوە كە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی پێویستە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەم دەنگۆیانە بكات و داواش لە هەموو لایەنەكان دەكات لەمبارەیەوە هاوكاریی داواكاریی گشتی بكەن بۆ ئەوەی ڕاستییەكان بۆ خەڵك ئاشكرا بكرێت".

وتەبێژەكەی حكومەت ئاماژە بەوەشدەكات، هەر لە سەرەتای دەستبەركاربوونی كابینەی نۆیەمەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی شەفافییەت لە دامودەزگاكانی حكومەتدا، بەتایبەتی لە كەرتی دارایی و داھاتەكانی ھەرێمدا ئەركێكی لە پێشینەی كابینەكە بووە و لە سەریشی بەردەوام دەبن.

چەند ڕۆژێكە ئەو دوو پرسە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە لە ڕاگەیاندنەكان‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وروژێندراوە، دەنگی یەك ملیار دۆلارەكەی لوبنان بابەتێكی نوێ نییە، بەڵام 250 ملیۆن دۆلارەكەی كۆمپانیای ڕوسنەفت سەرەتای ئەم مانگە لە ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمریكی بڵاوكرایەوەو دواتر لە 19ی ئەم مانگەدا لە چوارچێوەی شەڕی ڕاگەیاندنی نێوانیاندا دەزگای زانیاریی یەكێتی ڕایگەیاند"بە بەرتیل دراوە بە یەكێك لە كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت".