سەدر دەربارەی تۆمارە دەنگییەكەی مالیكی: هیچ قورساییەكی نییە

14-07-2022 01:18

پەرەگراف

موقتەدا سەدر لە تویتێكدا سێ‌ ڕێنمایی ئاراستەی لایەنگرانی كرد سەبارەت بە نوێژی هەینیی یەكگرتوو و لە كاردانەوەی تۆمارە دەنگییەكەی مالیكییشدا دەڵێت "هیچ قورساییەكی نییە".

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە یەكەم خاڵی ڕێنماییەكانیدا دەڵێت "نوێژی هەینیی یەكگرتوو پەرستشێكە تەنیا بۆ خودا، بە فەرمان و شێوازەكەیەوە پابەند بن، هەوڵ دەدەم پێشنوێژیتان بۆ بكەم، ئەگەرنا نوێنەرێكی خۆم دەنێرم".

سەبارەت بەو تۆمارە دەنگییەش كە دەگوترێت هی مالیكییە و تێیدا هێرشی توند دەكرێتە سەر سەدر، بەڵام مالیكی خۆی ڕەتی دەكاتەوە ئەو بێت، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەڵێت "گوێ بە دزەپێكراوەكان مەدەن، ئێمە هیچ قورساییەكیان بۆ دانانێین".

"دەنگی هەینی لە سەرووی هەموو ناڕەزایەتییەكانەوەیە و ناچمە نێو ئاژاوەیەكی ترەوە"، موقتەدا سەدر وا دەڵێت.

سەبارەت بە خۆپیشاندان و دەستپێكردنی ناڕەزایەتیش، سەدر ڕایگەویاندووە كە "بژاردەكە بۆ گەلە، پێشتریش پشتیوانیم كردووە، ئەگەر پێویست بێت لە ڕۆژانی داهاتوودا وەستانمان دەبێت بۆ پشتیوانیی چاكسازی".

بڕیارە سبەینێ‌ نوێژی هەینیی یەكگرتوو بە بەشداریی سەدان هەزار كەس لە بەغدا بەڕێوە بچێت، كە پێشتر موقتەدا سەدر بانگەوازی بۆ كردووە. ئەوەش بە سەرەتای جموجووڵە شەقامییەكانی سەدر دژی نەیارانی لە عێراق دادەنرێت.

لە تۆمارێكی دەنگیدا كە لەلایەن عەلی فازڵ، نووسەر و ڕاگەیاندنكاری عێراقی لە تویتەر بڵاو كراوەتەوە و ماوەكەی ٢ خولەك و ٣٨ چركەیە، عەلی دەڵێت "ئەوە بەشێكە لە تۆمارەكە كە دانیشتنێكی مالكییە لەگەڵ كەسە نزیكەكانی و ماوەكەی یەك كاتژمێرە"، لە داھاتوودا بەشەكانی دیكەیشی بڵاو دەكاتەوە.

لە تۆمارە دەنگییەكەدا ئەو كەسەی دەگوترێت دەنگی مالكییە -خۆی ڕەتی دەكاتەوە ئەو بێت- ھێرشی تووند دەكاتە سەر موقتەدا سەدر و بە كەسێكی "نەفامی ھیچ نەزان" وەسفی دەكات.

"سەدر دەیەوێت بێتە سەر حوكم، چی دەكات؟ من شارەزای ئەوانم لە بەسرە و بەغدا و كەربەلا شەڕم لەگەڵ كردوون، ئەوان ترسنۆكن... سەدر دەیەوێت ببێت بە حەسەن نەسروڵڵا؟ ئەو نەفامێكی ھیچ نەزانە"، دەنگەكە وا دەڵێت.

دەنگەكە لەبارەی ھاوپەیمانیی مەسعود بازرانی لەگەڵ سوننەكان، دەڵێت "بارزانی سوننەی گرتووەتە خۆی بۆ لێدان لە شیعە، ئەمەش پلان بۆ داڕێژراوە، ھەوڵیان داوە لە ڕێی موقتەدا و چەند كەسێكی دیكەوە دەستبخەنە كاروباری شیعەوە".

نووری مالكی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ڕەتی دەكاتەوە ئەو تۆمارە دەنگییە ھی ئەو بێت. نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالكی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، تۆمارەكە باس لە كۆمەڵێك پرس و هەڵوێستی سیاسی دەكات كە لەگەڵ ڕێبازی مالكی و دەوڵەتی یاسادا یەك ناگرنەوە.