پەیماننامەی ئۆرشەلیم، ئێران نیگەران دەكات؛ بایدن بەڵێنی چیی بە ئیسرائیل داوە؟

14-07-2022 11:34

پەرەگراف

تەنیا كاتژمێرێك پاش ئەوەی ئەمریكا و ئیسرائیل ڕێككەوتن كە ڕێگری لەوە بكەن ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، سەرۆككۆماری ئێران لە كاردانەوەدا ڕایگەیاند "هەر هەنگاوێكی هەڵە لەم ناوچەیەدا وەڵامی توندی دەبێت بە جۆرێك ئەنجامدەرانی پەیشمان بن".

لە كاتێكدا گفتوگۆكانی ڤیەننای نێوان ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ناو ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی هێشتا بە بنبەست نەگەیشتووە، ئیسرائیل كە زیاتر لە هەموان دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە، توانیی پەیامانێكی دڵنیاكەرەوە لە ئەمریكا وەربگرێت بۆ ڕێگری لە پرۆژەی ئەتۆمیی تاران.

هەرچەندە جۆ بیادن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە چوارچێوەی گەشتەكەی بۆ ئیسرائیل، جەختی لە چارەسەركردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە ڕێگەی ئاشتییانە كردەوە، بەڵام هاوكات ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی "ئەوەی لە توانایدا بێت، بۆ ڕێگری لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، دەیكات".

ئەم پەیمانەی سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنج شەممە بە شێوەیەكی فەرمی لە بەیاننامەیەكی هەردوو وڵاتدا تۆمار و واژوو كرا لەژێر ناوی "هاوبەشیی ستراتیژیی ئەمریكا و ئیسرائیل".

لە گفتوگۆیەكیشدا لەگەڵ كەناڵێكی ئیسرائیلی، بایدن ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ ڕێگریكردن لەوەی ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، ئامادەیە "دوایین بژاردە بەكار بهێنێت كە هێزی سەربازییە".

لە كاردانەوەی ئەو قسانەی جۆ بایدندا، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران، وتی "بە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەڵێین كە گەلی ئێران هیچ جۆرە گرژی و قەیرانێك لە ناوچەكەدا قبووڵ ناكات".

ڕەئیسی لەبارەی هەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، ڕایگەیاند "ئەم كارە ئاسایشی ئیسرائیل دابین ناكات". وتیشی "ئەمڕۆ ئێران لە هەركاتێك بەهێزترە و ئەمریكا لە هەركاتێك بە لاوازتر دەزانین".

بەیاننامەی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیل كە بە "بەیاننامەی ئۆرشەلیم" ناو دەبرێت، تا ئێستا گرنگترین خاڵی سەفەرەكەی بایدنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ڕۆژی ژوارشەممە بە ئیسرائیل دەستی پێ‌ كردووە و بڕیارە دواتریش بچێتە سعودییە.

ئیدارەكەی بایدن و ئیسرائیل بۆچوونی جیاوازیان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەیە، بەڵام لەم بەیاننامەیەدا لێكنزیكبوونەوەی زیاتر بەدی هاتووە.

لە بەیاننامەی ئۆرشەلیمدا هاتووە كە ئەمریكا لە چوارچێوەی پەیمانەكانی بۆ پاراستنی سەربازیی ئیسرائیل "بەڵێن دەدات كە هەرگیز نەهێڵێت ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، لەو پێناوەدا ئامادەیە سوود لە هەموو هێزی میللیی خۆی وەربگرێت".

لەدوای واژووكردنی ئەو پەیماننانەیە، یائیر لاپید، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ جۆ بایدن، جەختی كردەوە كە "ئەوەی ئێران ڕادەگرێت، ئەوەیە كە بزانێت ئەگەر درێژە بە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بدات، جیهانی ئازاد سوود لە هێز وەردەگرێت بۆ ڕاگرتنی. تاكە ڕێگەی ڕاگرتنی ئێران ئەوەیە كە هەڕەشەیەكی سەربازیی جیددی بخەینە سەر مێز".

بایدن كە بڕیارە بەر لە سەفەرەكەی بۆ سعودییە ڕۆژی هەینی سەردانی فەڵستین بكات و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆكی فەڵەستین كۆببێتەوە، ئەمڕۆ جەختی كردەوە كە "ئیسرائیل دەبێت وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ، دیموكراسی و جوولەكە بمێنێتەوە. باشترین ڕێگایش بۆ ئەمە ئەوەیە دوو دەوڵەت دابمەزرێندرێت و هەردوو گەل لە تەنیشت یەك بە ئاشتی و ئاسایشپارێزراوی بژین".