لە نوێژی ھەینی یەکگرتوو ١٠ مەرجی سەدر بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق ڕاگەیەندرا

15-07-2022 12:38
وێنەی سەدر لە بەردەم لایەنگرانی ئامادەبوو لە نوێژی ھەیەنی یەکگرتوو

پەرەگراف

لە نوێژی ھەینی یەکگرتووی سەدرییەکان لە بەغداد، شێخ مەحمود جەیاشی بە نوێنەرایەتی موقتەدا سەدر وتارێکی پێشکەش کرد کە لەلایەنسەدرەوە نووسرا بوو و تێیدا ١٠ مەرجی ڕاگەیاند بۆ لایەنە شیعەکان کە دەیانەوێت حکومەت پێکبھێنن.

سەدر لە سەرەتای وتارەکەیدا وتی، ئێستا لە دوڕێیانێکی قورس و ئاڵۆزداین و لە سەروبەندی پێکھێنانی حکومەت لەلایەن کەسێک کە ڕایباشمان لەسەریان نییە.

مەرجەکانی سەدر بۆ پێکھێنانی حکومەت:

یەکەم: دەرکردنی پاشماوەی داگیرکاران بە ڕێگای دیبلۆماسیی. 

دووەم: بەڵێن بە گەل بدەن حکومەتی داھاتویان وەک ئەوانەی پێشوو نەبێ، تۆبەکردن لەبەردەم خودا و لێپێچینەوەی گەندەڵکاران بە ئاشکراوبێ دودڵی. داوا لە فراکسیۆنی شیعەکان دەکەم تۆبە بکەن لە بەردەم خوداو سزای گەندەڵەکانیان بدەن لە ژێر سیستمێکی پاک و دادپەروەر.

سێیەم: من نوێنەری مەرجەعییەت نیم، بەڵام وەک دەزانن مەرجەعییەت دەرگای خۆی داخستووە لەبەردەم سیاسەتمەداران بەبێ ڕیزپەڕ،داوای لێبوردن لە مەرجەعییەت بکەن.

چوارەم: زۆربەتان باوەڕتان بەوە نییە خۆشەویستی نیشتمان بەشێکە لە باوەڕ بۆیە ئاڕاستەکەتان دەرەکییە، داوا دەکەم بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ دەرەوە بکرێت کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکەن.

پێنجەم: ناکرێ حکومەتێکی بەھێز پێکبھێنرێ بە ھەبوونی چەک و میلیشیای ھەڕەمەکی و دەبێت سەرجەمیان ھەڵبوەشێنرێنەوە.

شەشەم: حەشدی شەعبی ڕێکبخرێت و یەکڕیز بکرێت بۆ پاراستنی ئابڕووی و دوور بخرێتەوە لە پشکپشکێنەو دەستوەردانی دەرەکی و دوربخرێنەوە لە بازرگانی و سیاسەت.

حەوتەم: تاقیکراوە تاقی ناکرێتەوەو لەسەرئەوە بەردەوامین، چونکە ستەمکار بەردەوام دەبێ و نامانەوێ نیشتمان بفرۆشرێ و سپایکەرو تاوانەکان و ملکەچ بوون بۆ ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا دووبارە بکرێتەوە.

ھەشتەم: سوپاو پۆلیس بپارێزرێن لە ھێرشی ناوخۆ و دەرەوە.

نۆیەم: گرنگیدان بە دانیشتوانی ناوچە ڕزگارکراوەکان و لێپرسینەوە لە بازرگانە گەندەڵکارەکان و بونیادنانەوەی ناوچەکان.

دەیەم: شەھیدەکانی دەستی تیرۆرو داگیرکاریی و خۆپیشاندەران گرنگییان پێبدرێ و مافەکانیان پێبدرێت.

قسەکانمان درێژەی دەبێت ئەگەر ژیان درێژەی ھەبێت.