ڕۆژنامەنووسان لەسەر کوشتنی خاشقچی جۆ بایدنیان بەگیرھێنا

15-07-2022 11:06

پەرەگراف

جۆ بایدن ڕایگەیاند، بەڕاشکاوی باسی کوشتنی جەمال خاشقچی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە کردووە.

ئاسایشی وزە و تۆڕی کارەبای عێراق و ھەژموونی ڕووسیاو چین لە ناوچەکە بەشێکی دیکە بوو لە وتەکانی بایدن.

لەبارەی قسەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لەبارەی کوشتنی خاشقچی، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سعودیە وتی "محەمەد بن سەلمان وتی من بەرپرسیار نیم لەوەی ڕوویداوەو ڕێکارم گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەوانەی ئەوکارەیان کردووە".

بەر لە سەردانەکەی بایدن بۆ سعودیە، ڕەخنەی زۆر لە سەرۆکی ئەمەریکا گیرا بەھۆی ئەو سەردانەو دۆسیەی خاشقچی کە پەنجەی تۆمەتی کوشتنی ئاڕاستەی محەمەد بن سەلمان دەکرێت، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیشیدا لە سعودیە ڕۆژنامەنووسان زۆرترین پرسیاریان لەوبارەیەوە لە بایدن کرد.

ڕۆژنامەنووسێک پرسیی: لە کاتێکدا تۆ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان کۆدەبیتەوە، دەتوانیت دڵنیایی بدەیت ڕووداوی وەک کوشتنی خاشقچی دووبارە نابێتەوە؟ بایدن لەم پرسیارە توڕەبوو، وتی "چ پرسیارێکی سەخیفانەیە، من چۆن دەتوانم دڵنیا ببمەوە؟ من دەتوانم دڵنیای بکەمەوە ھەر کەسێک ئەوشتانە ئەنجام بدات بەرپرسیار دەکرێت".

بایدن وتیشی، ئەوەی بەسەر خاشقچیدا ھات شتێکی زۆر قێزەون بوو، "لەگەڵ سروشتی ئێمەو بەھاکانمان ناگونجێت بێدەنگ بین بەرامبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ".

جۆ بایدن هەروەها باسی لەوەش کرد، لەگەڵ سعودیە باسیان لە ئاسایشی وزەو نیگەرانییە ئەمنییەکان کردووە، وتیشی "هیچ بۆشاییەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕووسیا یان چین بەجێناهێڵین تاوەکو پڕی بکەنەوە".

بایدن باسی کارەبای عێراقی کردو وتی "دوای چەندین ساڵ لە هەوڵی شکستخواردوو، ئێستا گەیشتووینەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی تۆڕەکانی کارەبای عێراق لەڕێگەی کوێت و سعودیەوە بە تۆڕەکانی وڵاتانی کەنداوەوە ببەستینەوە و عێراق باشتر ئاوێتەی ناوچەکە بکەین وپشتبەستنی ئەو وڵاتە بە ئێران کەمبکەینەوە. ستافەکەم ئەوەیان وەبیرهێنامەوە کە ئەو کاتەی من جێگری سەرۆک بووم، هەوڵی بەدەستهێنانیئەو ئامانجەم دەدا. لە کۆتاییدا ئامانجەکە بە دەستهێنرا".

جەمال خاشقچی كێ بوو؟

جەمال ئەحمەد حەمزە خاشقچی، ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندكارێكی دیاری سعودی بوو، ساڵی 1958 لە شاری مەدینە لەدایكبووە، لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا بەشی ڕۆژنامەوانی لە زانكۆی ئیندیانا تەواوكردووە.

لەچەندین ڕۆژنامەو كەناڵی عەرەبی لە پلە و پۆستی جیاوازدا كاری كردووە، ساڵی 2010 بووە بە بەڕێوبەری كەناڵی هەواڵی عەرەب كە خاوەندارێتییەكەی بۆ شازادە وەلید بن تەڵال گەڕاوەتەوە.

ساڵی 2017 بەهۆی ڕێگریكردن لە نوسینەكانی سعودیەی جێهێشتووەو چۆتە ئەمریكا، لەوێ ستونێكی لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا هەبووە و ڕەخنەی لە حكومەتی سعودیە گرتووە، بەتایبەت لە شازادە محەمەد بن سەلمانی جێنشین.

لە 2ی تشرینی یەكەم ساڵی 2018 بۆ ئەنجامدانی چەند كارێك چووە ناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری ئەستەمبوڵ، ئەوەش بووە دوا دیمەن‌و دەركەوتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە.

پۆلیسی توركیا لە ڕۆژەكانی سەرەتاوە گومانی ئەوەی دەكرد لەناو كونسوڵخانەی سعودیەدا كوژرابێت، بەڵام سعودیە جەختی دەكردەوە لەوەی لە دەرگای پشتەوە شوێنەكەی جێهێشتووە.

دیارنەمانی خاشقچی كاردانەوەی فراوانی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، دواجار سعودیە دانی بەوەدا نا لەناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە ئەستەمبوڵ كوژراوەو داواكاری گشتی سعودیە دەستگیركردنی 18 كەسی ڕاگەیاندو وتی "لەگەڵ جەمال خاشقچی لەناو كونسوڵخانەدا بووە بە دەمەقاڵێیان‌و بەو هۆیەوە ڕۆژنامەنووسەكە گیانی لەدەستداوە".

هەرچەندە پەنجەی تۆمەت بۆ شازادە محەمەد بن سەلمان درێژ دەكرێت كە فەرمانی كوشتنی خاشقچی دابێت، بەڵام سعودیە دەستگیركراوەكانی دادگایی كردو بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بۆ پێنجیان دەركردو سێ تۆمەتباری دیكەش بە 24 ساڵ زیندانیكردن سزادران.

تائێستاشی لەگەڵدابێت تەرمی جەمال خاشقچی نەدۆزرایەوەو نەدرایەوە بە كەسوكاری، گومانی ئەوە دەكرێت سعودییەكان پاش كوشتنی پارچە پارچەیان كردبێت‌و بردبێتیانەوە بۆ وڵاتەكەیان یاخود تەرمەكەییان بەجۆرێك لەناو بردبێت كە ئاسەواری نەمابێت.