چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی كاندیدی سەرۆككۆمارەوە پەیامێكی ئاراستەی كورد كرد

16-07-2022 01:53

پەرەگراف

چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات لەم هەفتەیەدا ڕۆژێك بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دیاری بكات و داوایش لە كورد دەكات كاندیدی سەرۆككۆمار یەكلایی بكاتەوە.

چوارچێوەكە پاش دانیشتنی ژمارە 101ی خۆی كە ئەمشەو لە بەغدا بەڕێوە چوو، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "چوارچێوەی هەماهەنگی لە كۆبوونەوەی بەردەوامدا دەبێت بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا. بەپێی ئەو میكانیزمانەی كە چوارچێوەكە دایناوە".

چوارچێوەی هەماهەنگی داویشی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە كە "لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ڕێك بخات، لەپێناو تەواوكردنی ڕێكارە دەستوورییەكان".

هەر لەو چوارچێوەیەشدا داوای لە لایەنە كوردستانییەكان كردووە كە گفتوگۆكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆككۆمار و میكانیزمی هەڵبژاردنی، ئەمەش بەر لە ئەنجامدانی دانیشتنەكەی پەرلەمان.

چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەكاتەوە كە ئەم هانگاوانە بە ئامانجی "خێراكردنی تەواوكردنی مەرجەكانی پێكهێنانی حكومەت"ـە.

چوارچێوەكە بە هیچ جۆرێك باسی لە پەیامەكەی سەدر نەكرد كە لە وتاری هەینیی یەكگرتوودا خوێنرایەوە و تێیدا 10 مەرجی بۆ لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت دیار كرد.