عێراق سكاڵاكەی پاریسی دژی توركیا لەسەر نەوتی هەرێم گەیاندە قۆناغی كۆتایی

16-07-2022 02:51

پەرەگراف

دوایین دانیشتن سەبارەت بە سكاڵاكەی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی توركیا لە بەرانبەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، لە پاریس و بە بەشداریی وەزیری نەوتی عێراق بەڕێوە چووە. وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت كە وڵاتەكەی نزیكبووەتەوە لە بەدەسهێنانی مافە یاساییەكانی و لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیار دەدرێت.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، ئاشكرای كرد كە "دوایین دانیشتنی دەستەی دادوەریی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە كێشەی نێوان عێراق و توركیا بەڕێوە چوو، تایبەت بە ڕێككەوتنی بۆریی نێوان هەردوو وڵات".

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزیری نەوتی عێراق، ئەوە كۆتا دانیشتن بووە و خستنەڕووی بەڵگەكانی پەیوەست بە سكاڵاكە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، لەلایەن دەستەی دادوەرییەكەوە داخراوە، ئەمەش لەدوای گوێگرتن لە وتە و بەرگریی هەردوولا.

وەكوو وەزیری نەوتی عێراق خستوویەتیە ڕوو، چیتر "هیچ ئەگەرێك نەماوە بۆ درێژكردنەوە یان دواخستن"ی سكاڵاكە.

"عێراق نزیك بووەتەوە لەوەی مافە مێژووییە یاساییەكانی خۆی بەدەست بهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی تەواوی چالاكییەكانی نەوت"، ئیحسان عەبدولجەبار وا دەڵێت.

لەسەر ھەناردە و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی كوردستان بە بۆری و لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەبێ‌ ڕەزامەندیی حكومەتی ناوەند، حكومەتی عێراق لە سەردەمی كابینەكەی حەیدەر عەبادیدا لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆمار كرد و داوای ٢٦ ملیا دۆلار قەرەبوو لەو وڵاتە دەكات.

پاش چەند ساڵ لە ڕاگرتنی ڕێكارەكانی پەیوەست بەو سكاڵایە، ئێستا بەغدا لە سەروبەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی نەوتی هەرێم، سكاڵاكەی پاریسیشی جووڵاندووەتەوە و لە قۆناغی كۆتاییدایە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "پێشبینی دەكەم دەستەی دادوەریی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە ماوەی چەند مانگێكی كەمی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی و یەكلاكەرەوەی خۆی بدات".

وەزیری نەوتی عێراق سووربوونی وەزارەتەكەی دووبات دەكاتەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی "دەسەڵاتە دەستووری و مافە ڕەواكانی لە سامانی نیشتمانیدا، بەپێی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان".

لەگەڵ بوونی ئەو سكاڵایەش، ئیحسان عەبدولجەبار پێی وایە "عێراق پەیوەندیی باشی لەگەڵ توركیا هەیە و ئەم سكاڵایە ڕێگر نییە لەبەردەم پێشكەوتن و فراوانبوونی پەیوەندیی دووقۆڵییان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان"، ئەوەش بە "پاراستنی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی عێراق و سەروەریی عێراق لەسەر هەموو سامانی خۆی".