بۆ یەكەم جار ڕووسیا پشكنین بۆ درۆنە ئێرانییەكان دەكات؛ ئەمریكا: ڕووسیا درۆن لە ئێران دەكڕێت

16-07-2022 03:04

پەرەگراف

لە مانگی ڕابردوودا بە لای كەمەوە دوو جار شاندی ڕووسیا سەردانی ئێرانی كردووە بۆ پشكنینی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كە توانای هەڵگرتنی مووشەكیان هەیە. ئەمە یەكەم جارە شاندی ڕووسیا بۆ كارێكی لەو شێوەیە دەچێتە ئێران و ئەمریكا دەڵێت "ئێران ئامادەكاری دەكات بۆ پێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە ڕووسیا".

وێنەی مانگە دەستكردەكان كە دەست تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن كەوتووە و بەرپرسانی ئەمریكا، سەردانی شاندەكەی ڕووسیایان بۆ فڕۆكەخانەی كاشان لە ئێران پشتڕاست كردووەتەوە، كە تێیدا بەرپرسانی ئێران هەردوو جۆری فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهید 191 و شاهید 129 بۆ شاندەكەی ڕووسیا نمایش كردووە.

ئەم دوو فڕۆمە بێفڕۆكەوانە كە لە پێشكەوتووترین جۆری فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانین، توانای هەڵگرتن و ئاراستەكردنی مووشەكیان بە شێوەیەكی ورد هەیە.

جەیك سۆلیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، بە سی ئێن ئێنی وتووە "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، ئێران سەرقاڵی ئەوەیە چەند سەد فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كە توانای هەڵگرتنی مووشەكیان هەیە، ڕادەستی ڕووسیا بكات".

هەفتەی پێشوویش بەرپرسانی كۆشكی سپی ڕایانگەیاندووە كە باوەڕیان وایە ئێران دەیەوێت فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خاوەن توانای هەڵگرتنی مووشەك بە ڕووسیا بفرۆشێت، بۆ بەكارهێنانی لە جەنگی ئۆكرانیا، بەڵام ئێران بە فەرمی ڕەتی كردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی ڕابردوو لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆسندا لەگەڵ هاوتا ئۆكرانییەكەی، ناردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانیی بۆ ڕووسیا ڕەت كردەوە و بە "تۆمەتی بێبنەمای ئەمریكا" ناوی برد.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش كردووە كە "ئەوە یەكەم جارە كە شاندێكی ڕووسی بۆ پشكنینی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان سەردانی فڕۆكەخانەی كاشان لە ناوەڕاستی ئێران دەكات".

بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە لە كاتێكدایە كە جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە سەروبەندی كۆتاییهێنان بە سەفەرەكەیەتی بۆ ڕِۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی ئەم سەردانە تاوتوێكردنی مەترسییەكانی ئێران بوو لەگەڵ ئیسرائیل و سعودییە.

هەرسێ‌ وڵاتەكە هاوڕا بوون كە دەبێت ڕێگری لەوە بكرێت ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات.

بایدن لە ئیسرائیل جەختی كردەوە كە "دیبلۆماسیەت باشرین ڕێگایە بۆ ڕێگری لەوەی ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات"، بەڵام ئەگەری "بەكارهێنانی هێز"یشی ڕەت نەكردەوە.

لە مانگی سێی ئەمساڵیدا بەرپرسانی ئەمریكا ڕایانگەیاند كە ڕووسیا بۆ جەنگی ئۆكرانیا داوای هاوكاریی لە چین كردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكیان بەدەست نەگەیشتووە كە چین هاوكاریی كردبێت.

ئیسرائیل كە ئێران بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت، داوا دەكات كە بژاردەی سەربازی دژی ئێران بەكار بهێنرێت بۆ ڕێگری لەوەی تاران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات.

لە كاتی سەردانی بایدن بۆ ئیسرائیل، هەردوولا ڕێككەوتنێكی ئەمنییان واژوو كرد كە تێیدا هاتووە "ئەمریكا لە چوارچێوەی پەیمانەكانی بۆ پاراستنی سەربازیی ئیسرائیل، بەڵێن دەدات كە هەرگیز نەهێڵێت ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، لەو پێناوەدا ئامادەیە سوود لە هەموو هێزی میللیی خۆی وەربگرێت".

لای خۆیشیەوە یائیر لاپید، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ جۆ بایدن، جەختی كردەوە كە "ئەوەی ئێران ڕادەگرێت، ئەوەیە كە بزانێت ئەگەر درێژە بە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بدات، جیهانی ئازاد سوود لە هێز وەردەگرێت بۆ ڕاگرتنی. تاكە ڕێگەی ڕاگرتنی ئێران ئەوەیە كە هەڕەشەیەكی سەربازیی جیددی بخەینە سەر مێز".