پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای عێراق و كەنداو؛ هەنگاوێكی تری ئەمریكا بۆ دابڕینی عێراق لە ئێران

16-07-2022 07:51

پەرەگراف

بە هەوڵی ئەمریكا و ڕێككەوتنی عێراق لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، تۆڕی كارەبای عێراق بە كەنداوەوە دەبەسترێتەوە، ئەوەش هەنگاوێكی دیكەی ئەمریكایە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران، چونكە دەوڵەتی عێراق بۆ دابینكردنی بڕی پێویستی كارەبای وڵات، كارەبا و گاز لە ئێرانەوە دەهێنێت و ساڵانە پارەیەكی زۆر بەو وڵاتە دەدات.

ئیدارەكەی بایدن دەیەوێت بەم هەوڵە، كارەبا لە وڵاتانی كەنداوەوە بۆ عێراق دابین بكرێت و عێراقیش ببێتە ناوەندێك بۆ هەناردەكردنی كارەبای كەنداو بۆ ئەورووپا. لەم نێوەندەشدا پێویستیی عێراق بە كارەبای ئێران كەم بكرێتەوە.

شاندێكی عێراق بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمیی سەرۆكوەزیران، سەردانی سعودییەی كردووە بۆ بەشداری لە لووتكەی جیددە بۆ ئاسایش و پەرپێدان، لە پەراوێزی لووتكەكەدا دوو ڕێككەوتنی لەبارەی كارەباوە واژوو كردووە.

ڕێككەوتنی یەكەم لەنێوان وەزارەتی كارەبای عێراق و دەستەی پەیوەندیی كارەبایی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو واژوو كراوە، بۆ پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای كەنداو و تۆڕی كارەبای عێراق لە سنووری باشووری عێراقەوە.

لەو ڕێگەیەوە سەرەتا نزیكەی 500 مێگاوات كارەبا بۆ وێستگەی كارەبای فاو لە باشووری عێراق دابین دەكرێت. پێشبینییش دەكرێت لە ڕێگەی ئەو هێڵە نوێیانەی بەیەكەوە بەستنەوەی كارەبا كە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەكرێن، كۆی گشتی 1800 مێگاوات كارەبا بۆ عێراق دابین بكرێت.

ڕێككەوتنی دووەمیش لەنێوان وەزیری وزەی سعودییە و وەزیری نەوتی عێراق واژوو كراوە. بەو ڕێككەوتنەش تۆڕی كارەبای سعودییە لە ناوچەی عەرعەری سەر سنووری عێراقەوە، دەبەسترێتەوە بە وێستگەی ناوچەی یوسفییە لە نزیك بەغدا كە دوورییەكەی 435 كیلۆمەترە. 1000 مێگاوات كارەبا بە ڤۆڵتییەی 400 كیلۆڤۆڵت بۆ عێراق دابین دەكرێت.

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەمڕۆ لە وتارەكەیدا لە لووتكەی جیددە بۆ ئاسایش و پەرپێدان، ڕایگەیاند "چەندین ساڵە هەوڵ دەدەین بۆ بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداوەوە".

بایدن ئاماژەی بەوە كرد كە ساڵی 2016 وەكوو جێگری سەرۆكی ئەمریكا، پاڵپشتیی لە بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عێراق و وڵاتانی كەنداو كردووە. وتیشی "ئێستا پاش چەند ساڵ، ئەو كارە جێبەجێ‌ دەكرێت".

سەرۆكی ئەمریكا وەكوو ئاماژەدان بە دەستكەوتێكی ئەو هەنگاوە، وتی "ئەم كارە پشتبەستنی عێراق بە ئێران كەم دەكاتەوە".

ئێستا عێراق ڕۆژانە نزیكەی 1100 مێگاوات كارەبا و لە نێوان 25 بۆ 30 ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئێران دەكڕێت كە نزیكەی لەسەدا 30ی كارەبای پێ‌ دابین دەكات. لە ساڵانی ڕابردوودا ئێران چەند جارێك كارەباكەی عێراقی بڕیوە، بەهۆی نەدانی ئەو قەرزەی لای بووە.


هەر ئەمڕۆیش لە چوارچێوەی وتارەكەی لە لووتكەی جیددە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، وتی "بۆ پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبا، لەگەڵ سعودییە، ئوردن، میسر و وڵاتانی هاریكاریی كەنداو چەندین ڕیێككەوتنمان واژوو كردووە".

هەروەها محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە، ڕایگەیاند "ڕێككەوتنمان كردووە بۆ گەیاندنی كارەبا لە سعودییە و وڵاتانی كەنداوەوە بۆ عێراق. هەروەها بەستنەوەی تۆڕی كارەبای سعودییە لەگەل ئوردن و میسر".

ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو كە لە شەش وڵاتی (سعودیە، قەتەر، بەحرێن، ئیمارات، كوێت و عومان) پێك دێت، لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە كاریان لەسەر پێكەوەبەستنی تۆڕی كارەبای وڵاتەكانیان كردووە، لە دوای ساڵی 2000 دەستیان بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە كرد و لە ساڵی 2012ـەوە كارەبای هەر شەش وڵاتەكە پێكەوە بەستراوە.