پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كۆدەبنەوە

17-07-2022 05:58

پەرەگراف

هێشتا هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا نییە لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، ئەو دوو حیزبە بڕیاری كۆبوونەوەیان داوە لەسەر ئەو پرسە.

مەریوان قەرەنی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغداد، بە پەرەگرافی وت "پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە لەسەر كۆبوونەوە پەیوەست بە پۆستی سەرۆككۆمار و چەند پرسێكی دیكەی نێوانیان، بەڵام هێشتا كات و شوێنی كۆبوونەوەكە دەستنیشان نەكراوە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی "پەرلەمان ئەم هەفتەیە كۆدەبێتەوە بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ شوێنگرتنەوەی حاكم زاملی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووش لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار دەبێت".

ئەوە لە كاتێكدایە چوارچێوەی هەماهەنگی كە دەیەوێت حكومەتی نوێی عێراق پێكبهێنێت، بە فەرمیی داوای لە لایەنە كوردییەكان كرد ڕێك بكەون لەسەر كاندیدێكی هاوبەش یاخود میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

* چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی كاندیدی سەرۆككۆمارەوە پەیامێكی ئاراستەی كورد كرد