دادگا لێکۆڵینەوە لەو تۆمارە دزەپێکراوانە دەست پێدەکات کە دەگوترێت دەنگی مالیکییە

19-07-2022 03:05

پەرەگراف

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر داوایەكی داواكاری گشتی، لێكۆڵینەوە دەكرێت لەو تۆمارە دزەپێكراوەی دەگوترێت دەنگی نووری مالیكییە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ داوایەكی پێگەیشتووە لە داواكاری گشتییەوە بۆ ئەوەی ڕێكاری یاسایی بگرێتەبەر لەبارەی ئەو تۆمارە دزەپێكراوەی دەگوترێت دەنگی نووری مالیكییە، ئێستاش لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكرێت بەپێی یاسا.

ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی دادوەری پاش ئەوە دێت كە پێنجەم تۆماری دەنگیی دزەپێكراو كە دەگوترێت دەنگی نووری مالیكییە، بڵاو كرایەوە و تێیدا مالیكی دەڵێت "گرووپەكانی فەتح، حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەھلی حەق و سەیدولشوھەدا بڕیارەكانیان بەدەست ئێرانە ".

لە ماوەی ڕابردوودا، عەلی فازڵ، نووسەر و ڕاگەیاندنكاری عێراقی، لە تویتەر زنجیرەیەك تۆماری دەنگیی بڵاو كردەوە كە گوایە دەنگی نووری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و حیزبی دەعوەیە، تێیدا هێرش دەكاتە سەر سەركردە و لایەنە عێراقییەكان، ئەوەش كاردانەوەی بەربڵاوی بەدوای خۆیدا هێناوە.

شەوی رابردوویش ئەو كەسە، پێنجەم تۆماری دەنگیی بڵاو كردەوە كە تێیدا نووری مالیكی دەڵێت "پەیوەندییم لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق و ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی كەتائیبی سەیدولشوھەدا باشە، بەڵام برادەرانی بەدر و فەتح بێكارن و گوێ بە ڕەوشەكە نادەن و بە كاری باخەوە خۆیان سەرقاڵ كردووە".

لە ناوەڕۆكی پێنجەم تۆمارە دەنگییەكەدا باس لە ململانێیەكان لە ئێران دەكرێت و ئەو كەسەی كە دەگوترێت نووری مالیكییە، ڕایگەیاندووە "لە دوای ئەوەی ئیبراھیم ڕەئیسی بووەتە سەرۆككۆماری ئێران، كێشە لەنێوان سوپای پاسداران و حكوومەت دروست بووە كە یەكەمیان ھێڵی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران و دووەمیان ھیڵی ئیتڵاعات و سەرۆككۆماری ئێرانە".

"سوپای پاسداران ڕێگا بە ئیتڵاعات نادات دەست لە ھیچ ڕووداوێك وەربدات و ئەو پرسانەی سوپای پاسداران دەستی بۆ دەبات، كەسی دیكە ناتوانێت بەو شێوەیە بكات. من چووم بۆ ئێران و گفتوگۆم لەگەڵ زۆر لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە و لە دوای ھەموو گفتوگۆیەك دەڵێن: پرسەكە بەدەست فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە و ئێوە ھەوڵەكانتان با لەگەڵ سوپای پاسداران بێت"، تۆمارە دەنگییەكە وا دەڵێت.

لە كاردانەوەی تۆمارە دەنگییەكاندا، حیزبی دەعوەی عێراق كەسانێك تۆمەتبار دەكات بەوەی "ئاگری فیتنەگێڕی خۆش دەكەن" و هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەكان لە كەوتنە نێو ململانێیەك كە لە بەرژەوەندیی وڵاتدا نییە.

حیزبی دەعوە كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "چەند ڕۆژێكە دەستپێكی فیتنەگێڕییەك دەركەوتووە كە ئاگرەكە خۆش دەكات، ئەوەش لەلایەن كەسانێكی لەرزۆك و هەلپەرست و چەند دەزگایەكی نهێنیی نێوخۆیی و دەرەكییەوە دەكرێت."

حیزبی دەعوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ناچنە نێو "فیتنەگێڕییەكی كوێرانە" و هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەكان لە چوونە نێو ململانێیەكەوە كە لە بەرژەوەندیی "دوژمنانی ئیسلام و نیشتمان" بێت.

یەكەم تۆماری دەنگی لە 13ی ئەم مانگە لەلایەن عەلی فازڵ، نووسەر و ڕاگەیاندنكاری عێراقی لە تویتەر بڵاوكرایەوە كە ماوەكەی ٢ خولەك و ٣٨ چركەیە. عەلی وتی: ئەوە بەشێكە لە تۆمارەكە كە دانیشتنێكی مالكییە لەگەڵ كەسە نزیكەكانی و ماوەكەی یەك كاتژمێرە، لە داھاتوودا بەشەكانی دیكەیشی بڵاو دەكەینەوە.

لە تۆمارە دەنگییەكەی یەكەمدا ئەو كەسەی دەگوترێت دەنگی مالكییە-خۆی ڕەتی دەكاتەوە ئەوبێت- ھێرشی تووند دەكاتەسەر موقتەدا سەدرو بەكەسێكی "نەفامی ھیچ نەزان" وەسفی دەكات.

"سەدر دەیەوێت بێتەسەر حوكم چی دەكات؟ من شارەزای ئەوانم لە بەسرەو بەغدا و كەربەلا شەڕم لەگەڵ كردوون ئەوان ترسنۆكن... سەدر دەیەوێت ببێت بە حەسەن نەسروڵا؟ ئەو نەفامێكی ھیچ نەزانە" دەنگەكە وادەڵێت.

هەرچەندە سەرەتا سەدر داواى لە لایەنگرانى کرد گوێ بە تۆمارە دەنگییەکە نەدەن، بەڵام دویێنێ کاردانەوەى توندى نیشاندا و ڕایگەیاند "بە هیچ جۆرێك ناكرێت مالیكی بگەڕێتەوە و سەركردایەتیی عێراق بكات و وڵاتەكە وێران بكات".

موقتەدا سەدر لەبارەی تۆمارە دەنگییەكانەوە لە تویتێكی نوێدا وتى "سەیرە هەڕەشە لەلایەن حیزبی دەعوە و گەورەكەیانەوە (مالیكی)یەوە دێت كە لەسەر ئالی سەدر ئەژمار دەكرێن و داوای هێزی مەزهەب دەكەن".

سەدر داوای كردووە "لە ڕێگەی ئیدانەكردنێكی هاوبەشی لایەنە هاوپەیمانەكانی مالیكی و گەورەپیاوانی عەشیرەتەكەیەوە، ئەم فیتنەیە بكوژێندرێتەوە".

"ئامۆژگاریی مالیكی دەكەم واز لە كاری سیاسی بهێنیت و لەگەڵ ئەو گەندەڵانەی تر كە لەگەڵیدان، خۆی ڕادەستی دادگا بكات"، ڕێبەری ڕەوتی سەدر وا دەڵێت.

هەر لە یەکەم تۆمارى دەنگیدا لەبارەی ھاوپەیمانیی مەسعود بازرانی لەگەڵ سوننەكان، ئەو کەسەى کە دەگوترێت مالیکییە، دەڵێت "بارزانی سوننەی گرتووەتەخۆی بۆ لێدان لە شیعە ئەمەش پلان بۆداڕێژراوە، ھەوڵیانداوە لە ڕێی موقتەداو چەند كەسێكی دیكەوە دەستبخەنە كاروباری شیعەوە".

نوری مالیكی، سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕەتی كردەوە ئەو تۆمارە دەنگییەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە ھیی ئەو بێت. نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالیكی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆمارەكە باس لە كۆمەڵێك پرس و هەڵوێستی سیاسی دەكات كە لەگەڵ ڕێبازی مالیكی و دەوڵەتی یاسادا یەكناگرنەوە.

"بڵاوكردنەوەی ئەم تۆمارە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا دێت كە پرۆسەی سیاسی و واقیعی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت و ئەمەش ئاماژەیەكی روونە كە ئامادەكاری بۆ تۆمارەكە پێشوەختەكراوەو گوماناوییە. ئێمە تەئكید دەكەینەوە ئەوەی كە لەم تۆمارە دەنگییەدا ھاتووە هی بەڕێز نوری مالكی نییەو ڕوونە كە هەندێك لایەن بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای مۆدێرن دەنگەكەیان هەڵبەستووە" نووسینگەی مالكی وادەڵێت.

عەلی فازڵ لە كاردانەوەی ڕەتكردنەوەكەی مالیكیدا وتی"ھەرچی ڕەت دەكاتەوە با ڕەتی بكاتەوە، ئیدانەی ھەرچی دەكات بابیكات. بەڵام جارێكی دیكە كە دەیانبەیتە كۆبوونەوەوە مۆبایلەكانیان لێوەربگرە با بەمجۆرە بڵاونەبێتەوە. سبەینێ چاوەڕوانی تۆماری دووەم بن".