گرووپی مۆسیقای هاژە: لە هەرێمی کوردستان جگە لە ڕێزو خۆشەویستی هیچ شتێکی نەشیاومان بەرامبەر نەکراوە

19-07-2022 05:03

پەرەگراف

گرووپی مۆسیقای هاژە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرت سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێن، لە کاتی هاتنیان هەتا ڕۆیشتنەوەیان "بێجگە لە ڕێز و حورمەت و خۆشەویستی هیچ شتێکی نەشیاو لە هیچ لایەکەوە بەرامبەر بە ئەندامانی ئەم گرووپە نەکراوە".

گرووپەکە ڕوونکردنەوەیەکیان بۆ پەرەگراف ناردووەو تێیدا ئەوە دەخەنەڕوو، کۆنسێرتەکەیان بۆ وەرزی پایز دواخراوە "بەهۆی تووشبوونی چەند ئەندامێکیانەوە بە نەخۆشیی و پەتاو بەرزیی پلەی گەرما".

گرووپی هاژە پاش دواخستنی کۆنسێرتەکەیان گەڕاونەتەوە بۆ شاری سنەو لە ڕوونکردنەوەکەیاندا باسلەوە دەکەن ئەوان "ئاگاداری هیچ ڕووداو و کێشەیەک نین کە تووشی ئەو خانمە بووبێت" کە لە ڕاستەوخۆیەکی پەرەگرافدا قسەی کردو باسی لەوەکرد "لە ئوتێلێکی سلێمانی هێرش و دەستدرێژیی کراوەتەسەر" و بەوهۆیەوە پەنای بۆ دادگا بردووەو لە بنکەی پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە.

"ئەو خانمە مووزیسیەن نیە بەڵکوو سپۆنسەری گرووپەکە بوەو ئەگەر مەسەلەیێک بووە شتێکی شەخسییەو پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. چونکە ئێمە وەکوو گرووپ ماڵاواییمان لێ کردبوو" گرووپی مۆسیقای هاژە لە ڕوونکردنەوەکەیاندا وادەڵێن.

لەسەر وتەکانی ئەو خانمە، گرووپی هاژە دەڵێت "لێرەدا تەنیا غەدرێک کە لە ئێمە کراوە بڵاوکردنەوەی ئەم وتووێژەیە کە ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین و هیچ عاقڵێکیش بڕوا بەم درۆیە ناکات کە لەبەرچاوی حەوت پیاو کە تەنانەت کەسوکاری ئەو خاتوونانەش بن، کەسێک بۆی هەبووبێ دزی و ئیهانە و دەستدرێژی بەرامبەریان کردبێت".

گرووپی مۆسیقای هاژە، ڕێز خۆشەویستی ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان دەکات هیوادەخوازێت لە داهاتوویەکی نزیکدا "چاو و دڵمان بە دیدارتان روون ببێتەوە"، دەشڵێت "تەنیا شیعر و مۆسیقای رەسەن دەتوانێ ئێمەی کورد زیندوو راگرێ و پێویستە کە بەم جۆرە ئاکارە ناحەزانە دڵی هونەرمەندانی بێدەسەڵاتی کورد نەشکێنین هەتا ورەیان هەبێ کە درێژە بە کاری خۆیان بدەن".