خامنەیی، ئەردۆغان ئاگادار دەكاتەوە كە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان زیان بە توركیا دەگەیەنێت

19-07-2022 05:08

پەرەگراف

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ئاگادار دەكاتەوە كە هێرشی سەربازیی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لە بەرژەوەندیی تیرۆریستانە و زیان بە توركیا و ناوچەكە دەگەیەنێت.

بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، خامنەیی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان وتوویەتی "پاراستنی تەواوی خاكی سووریا زۆر گرنگە و هەر جۆرە هێرشێكی سەربازی لە باكووری سووریا بە دڵنیایی بە زیانی توركیا و سووریا و ناوچەكەیە، تەنیا لە بەرژەوەندیی تیرۆریستان دەبێت".

هاوكات خامنەیی بە ئەردۆغانی وتووە كە "ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بە دڵنیاییەوە هاوكاریتان دەكەین"، بەڵام جەختی كردووەتەوە كە "دەبێت توركیا ئاسایشی سووریا بە ئاسایشی خۆی بزانێت و دەبێت توركیا، سووریا و ڕووسیا پرسی سووریا بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن".

هاوكات ئەردۆغان داوای لە خامنەیی كرد كە ئێران لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هاوشانی توركیا كار بكات و پەكەكەی بە "مەترسیی جیددی" بۆ هەردوولا ناو برد.

هەڵوێستەكەی خامنەیی دژی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوی كوردستان، لە كاتێكدا كە توركیا ماوەیەكی درێژە ئامادەكاری بۆ ئەو هێرشە دەكات و ئەمڕۆیش كۆبوونەوەی لووتكەی ڕووسیا، توركیا و ئێران لە تاران بەڕێوە دەچێت، شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە ئامانجێكی گرنگی ئەردۆغان ئەوەیە كە ئەو دوو هاوپەیمانەی بە ئەنجامدانی هێرشەكە ڕازی بكات.