تورکیا ناوچەیەکی گەشتیاریی لە زاخۆ بۆردومان کرد و چەند گەشتیارێک کوژران

20-07-2022 03:08
گوندی پەرەخ ساتێک دوای بۆردومانەکەی تورکیا، وێنەکە لە ڤیدیۆ وەرگیراوە

پەرەگراف

تورکیا بۆردومانی گوندی پەرەخی گەشتیاریی کرد لە قەزای زاخۆ، بەهۆی بۆردومانەکەوە هەشت گەشتیاری عەرەب کوژران و ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون.

دلشیر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لە زاخۆ بە پەرەگرافی وت" دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تورکیا بەخەستیی گوندی پەرەخی لەسنوری ناحیەی دەرکار بۆردومان کرد، تا ئێستا 4 بۆ 5 گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی 20 کەسیش برینداربوون".

پاش ئەو لێدوانە، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی زاخۆ بە پەرەگرافی وت "کوژراوانی بۆردومانەکەی تورکیا بۆ ھەشت کەس بەرزبووەوە".

بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار وتیشی"جارێ نازانین بۆردوومانەکە چۆن بووە، دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردوە لەسەر روداوەکە، کوژراو و بریندارەکان دانیشتووانی پارێزگاکانی عێراقن کە بەمەبەستی گەشتکردن سەردانی سنوری قەزای زاخۆیان کردووە".