عێراق بە فەرمیی تۆپبارانەکەی خستە ئەستۆی تورکیا، بەڵام ئەو وڵاتە سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی

21-07-2022 01:51
مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی کوژراوەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ بەغداد

پەرەگراف

لەکاتێکدا عێراق بە فەرمیی ڕایگەیاند، تۆپبارانەکەی دوێنێی زاخۆ تورکیا بووە. بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕەتی دەکاتەوەو دەیەوێت بیخاتە ملی پەکەکە.

تۆپبارانەکە گوندی گەشتیاریی پەرەخی کردە ئامانج، بەهۆیەوە ٩ گەشتیاری عەرەبی عێراقی کوژران و زیاتر لە ٢٠ی دیکە برینداربوون، ڕووداوەکە کاردانەوەی فراوانی بەدواداهات.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کە سەرۆکایەتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکەی تورکیا دەکات، دوای سەردانی ناوچەکە ڕایگەیاند: ھێرشەکانی تورکیا لە شەڕ دژی پەکەکە دەرچووەو گوندەکان و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و بەھیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین.

فوئاد حسێن وتیشی "دوای لێکۆڵینەوە، بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ھێرشەکە تورکیا ئەنجامی داوە بە چوار مووشەک".

بەڵام تورکیا لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

مەولوود چاوشئۆغلوو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هێرشەکەی زاخۆ بە "یاری و تەڵە"ی پەکەکە ناودەبات و دەڵێت "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هێزە سەربازییەکانی تورکیاوە وەرمان گرتووە، هیچ هێرشێک بۆ سەر هاووڵاتیی مەدەنی ئەنجام نەدراوە".

لەگەڵئەوەی تورکیا دەیەوێت ڕووداوەکە بخاتە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام ھەپەگە -باڵی سەربازیی پەکەکە- ڕایگەیاند "ھیچ ھێزێکمان لەو ناوچەیەی زاخۆ نییە کە تورکیا کۆمەڵکوژیی لێ ئەنجامدا"، دەشڵێت "نابێت کەس هەوڵ بدات ئەم کۆمەڵکوژییە بە ئەنقەستانەی دەوڵەتی تورک بشارێتەوە و بۆ ئەو ڕووداوە دەستگیرۆیی بکرێت".

لە کاردانەوەی هێرشەکەدا، ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا، بەپەلە سکاڵایەک دژی تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆماربکرێت و ڕێوشوێنی تووندی دیبلۆماسی دژی ئەو وڵاتە بگیرێتەبەر، داواشی لە تورکیا کرد بە فەرمی داوای لێبوردن بکات و ھێزە سەربازییەکانی لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق بکێشێتەوە.

هەروەها نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سەرکۆنەی پەلامارەکەی دوێنێی پارێزگای دهۆک لە عێراق دەکەن، کە بووەهۆی کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی مەدەنی. کوشتنی خەڵکی مەدەنی قبوڵکراونیە، هەروەها وڵاتان دەبێ ڕێز لە پابەندیەکانیان بگرن بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، بە پاراستنی خەڵکی مەدەنیشەوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەی کوژراوان دەکات و هاوسۆزیش بۆ بریندارەکان دەردەبڕێت و دەڵێت "بەردەوامین لە پشتیوانی بەهێزمان لە سەروەری و ئارامی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە".