مامۆستایانی وانەبێژ خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەن

21-07-2022 05:27

پەرەگراف

مامۆستایانی وانەبێژ خۆپیشاندانی سەرتاسەری بۆ داواكردنی دامەزراندن و شایستە داراییەكانیان ئەنجام دەدەن. نوێنەری ئەو مامۆستایانە دەڵێت "بە پارەی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ، كورتهێنانی مووچەی وەزارەتەكان پڕ كراوەتەوە".

ئەمڕۆ نوینەرانی مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی نوێی خۆیان سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیان ڕاگەیاند و دەڵێن "ڕۆژی یەكشەممەی خۆپیشاندانی داهاتوو سەرتاسەری بۆ داواكردنی دامەزراندن و شایستە داراییەكانمان ئەنجام دەدەین".

نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژ وتی "بڕیار بوو بەر لە جەژنی قوربان شایستەی دارایی مانگی پێنج وەربگرین، بەڵام تا ئێستا وەرمان نەگرتووە".

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ پرسی دواكەوتنی مووچەكانیان سەردانی بانكی هەرێمیان كردووە، وەكوو خۆیان ڕایانگەیاند "جێگری بەڕێوەبەری بانكەكە پێی وتین كە دەستكاریی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ كراوە بۆ پڕكردنەوەی كەموكووڕییەكانی مووچە، واتە پارەی مامۆستایانی وانەبێژ خوراوە و كورتهێنانی مووچەی وەزارەتەكانی پێ‌ پڕ كراوەتەوە".

مامۆستایانی وانەبێژی سلێمانی پشتگیریی خۆیان بۆ هاوڕێ‌ وانەبێژەكانیان لە كەلار ڕاگەیاند، كە وەكوو خۆیان دەڵێن "ئەمڕۆ لەبەردەم بانكی شارەكەدا خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە و داوای مووچەكانیان كردووە، بەڵام ڕووبەڕووی توندووتیژی و پاڵەپەستۆ بوونەتەوە".

مامۆستایانی وانەبێژ داوایان لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی كرد كە "بەر لە ساڵی خوێندنی 2022 – 2023 كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بكەن بە دامەزراندن. ئەگەر كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر نەكرێت، ساڵی نوێی خوێندن بەبێ‌ كەموكووڕی بەڕێوە ناچێت".