لە هەولێر ڕێگری لە گردبوونەوە دژی تۆپبارانەكەی توركیا كرا و چەند چالاکوانێک دەستگیر كران

22-07-2022 08:26
چوار لەو چالاکانەی ئەمڕۆ لە هەولێر دەستگیرکران

پەرەگراف- فەرمان سادق

لە هەولێر هێزە ئەمنییەكان ڕێگرییان لە گردبوونەوەیەكی هێمنانە كرد دژی تۆپبارانەكەی توركیا و لانیکەم پێنج چالاكوان و ڕێكخەری گردبوونەوەكەشیان دەستگیر كرد. هێزی ئەمنیی زۆر لە دەرەوە و ناو پاركی شانەدەر بۆ ڕێگری لە گردبوونەوەكە بڵاوەی پێ‌ كرابوو.

فەرمان سادق، پەیامنێری پەرەگراف، لە شوێنی گردبوونەوەكە بووە و دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە چالاكانی مەدەنی و پەرلەمانتاران هەوڵیان دا گردبوونەوەیەكی هێمنانە بۆ ئیدانەكردنی تۆپبارانەكەی توركیا لە پاركی شاندەر لە هەولێر ڕێك بخەن، بەڵام هێزێكی ئەمنیی زۆر دەرەوە و ناوەوەی پاركەكەیان تەنیبوو و ڕێگییان لە گردبوونەوەكە كرد".

سەرەڕای ڕێگرییەكان، پێنج كەس لە چالاكان و ڕێكخەرانی گردبوونەوەكەیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون و تا ئێستا ئازاد نەكراون.

"بۆ ڕووماڵی گردبوونەوەكە چوومە پاركی شانەدەر. چواردەوری پارك بە هێزی ئەمنی تەنرا بوو، كەوتمە ناو بازگەیەكی ئەو هێزە و لێیان پرسیم: بۆ كوێ دەچیت؟ وتم: دەچمە پارك. وتیان: بگەڕێوە، چوونە ناو پارك قەدەغەیە و داخراوە"، پەیامنێری پەرەگراف وای وت.

پەیامنێری پەرەگراف درێژەی ڕووداوەكانی ئەم ئێوارەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت "دواتر ئۆتۆمبێلەكەم لە دەرەوە ڕاگرت و بە پێ ڕۆیشتم بۆ ناو پاركەكە. ناو پارك هێندە بە ئاسایشی مەدەنی تەنرا بوو، گومانت لە هەموو كەسێك دەكرد كە ئاسایشی مەدەنی بێت".

زیاتر لە 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بەشێكیان بە جلوبەرگی مەدەنی و بەشێك بە جلوبەرگی فەرمی و چەكەوە لەناو پاركەكە بڵاوەیان پێ‌ كراوە بۆ ڕێگری لە گردبوونەوەكە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری پەرەگراف، لانیکەم پێنج كەس لە چالاكانی مەدەنی و ڕێكخەرانی گردبوونەوەكە، بەر لە گەیشتنیان بۆ ناو پاركەكە، هەر لە دەرەوە دەستگیر كراون.

سابیر زەندی، لێزان بەکر، هاوڕێ کوردی، هۆگر پیرباڵ و چالاكێكی دیكە بە ناوی شێروان، ئەو پێنج چالاكەن كە دەستگیر كراون.

لەناوی پاركی شانەدەر، پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح، بە پەیامنێری پەرەگرافی وتووە كە "ڕێگری كرا لەوەی گردبوونەوە بكەین". دواتریش ئەو پەرلەمانتارە و بەشێك لەو كەسانەی كە توانییان بچنە ناو پاركەكەوە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا باسیان لە ڕێگرییەكە كرد.