بارانی بەخوڕ و لافاوی هاوینە لە باشووری ئێران؛ 21 كەس گیانیان لەدەست دا

23-07-2022 08:22

پەرەگراف

بەهۆی دروستبوونی لافاو لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ لە پارێزگای فارسی ئێران، 21 كەس گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكیش بێسەروشوێن بوون، چەندین ئۆتۆمبێلیش لافاو بردنی.

ئێوارەی دوێنێ‌ بارانی بەخوڕی وەرزی لە شارۆچكەكانی نەیڕیز و دەوروبەری سوڵتان شەهباز لە سنووری شاری ئیستەهبان لە پارێزگای فارسی باشووری ئێران، بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی بەنداوی ناوچەكە و دروستبوونی لافاو

خەلیل عەبدولئیلاهی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەدانی قەیرانی پارێزگای فارس، بە ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی (ئیرنا)ی ڕاگەیاندووە "بە گشتی لەو ڕووداوەدا 23 كەس لافاو بردوونی و 55 كەسیش لە مردن ڕزگار كراون، هەروەها 15 ئۆتۆمبێلیش بەر لافاو كەوتوون".

لە ئەنجامی لافاوەكە، 21 كەس گیانیان لەدەست داوە و دوو كەسی دیكە بێسەروشوێن بوون كە گەڕان بەدوای چارەنووسیاندا بەردەوامە.

هاوكات مانگی سووری ئێرانی ڕایگەیاندووە كە 22 تیمی فریاگوزاریی ڕەوانەی ئەو ناوچانە كردووە كە لافاو لێی داون و 74 كەسیشیان ڕزگار كردووە.

مانگی سووری ئێرانی ئاماژەی بەوە كردووە كە بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕەوە، ئاوی ڕووباری ڕوودبال زیادی كردووە و بەنداوی ئیستەهبان كەوتووەتە ژێر كاریگەریی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، لە ئەنجامدا 51 خێزان لە نۆ گوندی ناوچەكە ڕووبەڕووی مەترسیی لافاو بوونەوە.