پەیامێك لە وەزیری تەندروستییەوە لەبارەی ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا

29-03-2020 10:24


پەرەگراف

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، هەموو هەڵسەنگاندنەكان وا دەخوازێت ڕێككارەكان توندوتۆڵ و زیاتر بكرێن بۆ نەهێشتنی تەشەنەكردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

د.سامان بەرزنجی، لە پەیامێكدا سوپاسی ئارامیی هاووڵاتییان دەكات، دەڵێت"سوپاس بۆ هەموو لایەنە پەیوەندارەكان، تكایە با تەندروستی هاوڵاتیان لەپێش هەر كارێكی تر بێت، بە پابەندبوونمان بە مانەوە لە ماڵ و دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی یەكتر كوردستانی خۆشەویست لە كارەسات دەپارێزین".

پەیامەكەی وەزیری تەندروستی دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، هێشتا بڕیار لەبارەی درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ نەدراوەو چاوەڕوانی ئاگادار كردنەوەی وەزارەتی تەندروستی دەكەن لەبارەی پێویستیی درێژكردنەوەی وادەكە یاخود درێژ نەكردنەوەی.

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە قەدەغەی هاتووچۆ كە لە 1-4 كۆتایی دێت، جارێكی دیكە وادەكەی درێژ دەكرێتەوە.

لەسەر هەمان پرس، ئەمڕۆ د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان بە ڕێنمایی نوێوە درێژ دەكرێتەوە.