ئاماری قوربانییانی لافاوەكەی ئێران بۆ گیانلەدەستدانی 21 كەس بەرز بووەوە

23-07-2022 11:48

پەرەگراف

ئاماری قوربانییانی لافاوەكەی پارێزگای فارس لە باشووری ئێران بۆ گیانلەدەستدانی 21 كەس و بێسەروشوێنبوونی دوو كەسی دیكە بەرز بووەوە.

ئێوارەی دوێنێ‌ 22-7-2022، بەهۆی دروستبوونی لافاو لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ لە پارێزگای فارسی باشووری ئێران، دەیان كەس لە ژمارەیەك شارۆچكە و گوندی پارێزگاكە لافاو بردنی، زۆرینەیان ڕزگار كران و تا ئێستا تەرمی 21 كەس دۆزراوەتەوە، دوو كەسیش هێشتا بێسەروشوێنن.

لافاوەكە گوند و ناوچەكانی سێ‌ شارۆچكەی (نەیریز، سوڵتان شەهبازی ئیستەهبان و داراب)ی لە سنووری شاری ئیستەهبان گرتەوە، پاش ئەوەی بارانێكی بەخوڕ بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری ڕوودبال لە ناوچەكە.

خەلیل عەبدولئیلاهی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەدانی قەیرانی پارێزگای فارس، بە ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی (ئیرنا)ی ڕاگەیاندووە "بە گشتی لەو ڕووداوەدا 23 كەس لافاو بردوونی و 55 كەسیش لە مردن ڕزگار كراون، هەروەها 15 ئۆتۆمبێلیش بەر لافاو كەوتوون كە 12یان دەرهێنراونەتەوە".

هاوكات مانگی سووری ئێرانی دەڵێت "51 خێزان لە نۆ گوندی ناوچەكە ڕووبەڕووی مەترسیی لافاو بوونەوە. لە ڕێگەی تیمە فریاگوزارییەكانمانەوە 74 كەسمان ڕزگار كردووە".

مانگی سووری ئێرانی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێوارەی دوێنێ‌ بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕەوە، ئاوی ڕووباری ڕوودبال زیادی كردووە و بەنداوی ئیستەهبان كەوتووەتە ژێر كاریگەریی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، لە ئەنجامیشدا لافاو دروست بووە.