مەسرور بارزانی لە بەغداد دۆسیەی نەوت لەگەڵ مستەفا کازمی تاوتوێ دەکات

23-07-2022 02:53
سەردانێکی پێشتری کازمی بۆ هەولێر

پەرەگراف

مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغداد، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق بەتایبەت دۆسیەی نەوت، میدیای سەرۆکی حکومەت دەڵێت، جۆ بایدن داوای لە کازمی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان و کازمی دەستپێشخەریی هەیە.

دوای گەیشتنە بەغداد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم لە تویتێکدا وتی "خۆشحاڵم گه‌ڕامه‌وه‌ به‌غداد، زۆر بابه‌تمان هه‌یه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كۆمانده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌شی ناكۆكیمان له‌سه‌ری هه‌یه".

"نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ده‌ستووریمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ ئارادان،‌ چاره‌سه‌رەکەش له‌ خزمه‌تی سه‌رتاسه‌ری عێراقه‌، به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه" مەسرور بارزانی لە تویتەکەیدا وا دەڵێت.

حکومەتی هەرێم لەبارەی سەردانەکەوە ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی لەگەڵ مسته‌فا كازمی و بەرپرسانی باڵای دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە، "ئامانجی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دۆسیەی نەوت و گاز".

میدیای مەسرور بارزانی سەردانەکەی بەستووەتەوە بەو نامەیەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاڕاستەی جۆ بایدنی کرد لەکاتی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێیدا داوایکرد، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد.

کەناڵی کوردستان ٢٤ سەر بە مەسرور بارزانی دەڵێت "بە گوێرەی زانیارییەکان، جۆو بایدن لە وەڵامی نامەکەی مەسرور بارزانیدا، داوای لە مەستەفا کازمی کردووە کێشەکان چارەسەر بکات. کازمی، دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە".

دۆسیەی نەوت و گاز سەرەکیترین کێشەی نێوان هەولێرو بەغدان بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ کە کۆی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی بە پێچەوانەی دەستوور لە قەڵەمداو بڕیاریدا بخرێتە ژێردەستی بەغداوە، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند ڕێوشوێنێکی لە دژی ئەو کۆمپانیا بیانییانە گرتەبەر کە لە کەرتی نەوتی هەرێمکدا کاردەکەن، ئەوەش نیگەرانیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە کە تائێستا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕەتدەکاتەوە.

مەسرور بارزانی ناوەڕاستی ئەم مانگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوەو تێیدا هیوای خواست، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە گفتوگۆکانیدا قوربانییەکانی خەڵکی کوردستان لە دژی تیرۆریزم لەبیر نەکات.

"ھیوادارم مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەناویشیاندا سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزە، کە ئەمه‌ریکا وەبەرھێنانێکی زۆری لەو سێکتەرەدا کردووە، بپارێزرێن" مەسرور بارزانی وای وت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەوکات وتیشی "ئێستا لەھەمووکات زیاتر بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ھەرێمی کوردستان، گرنگە دەستوور ناوبژیوان بێت، داوا لە ھاوبەشەکانمان لە وڵاتانی کەنداو و سەرۆک بایدن دەکەم، پشتیوانی لەو پرەنسیپە بکەن".