پارێزگاری هەولێر بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئەو زەوی و موڵکانە دەرکرد کە بە کرێ دراون بە پیشەوەران

23-07-2022 04:54

پەرەگراف- فەرمان سادق

پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا ئه‌و زه‌وی و موڵكانه‌ی کە به‌پێی گرێبه‌ست به‌ پیشه‌وه‌ران دراون بە کرێ، جارێكی دیكه‌ ناخرێنه‌وه‌ زیادكردنی ئاشكرا، به‌ڵكو هه‌موو سێ ساڵ جارێك به‌پێی بارودۆخ و سه‌رده‌م كرێی موڵكه‌كان له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان دیاری ده‌كرێت.

ئومێد خۆشناو لەبارەی ئەو بڕیارەوە بە پەرەگرافی وت "بڕیارەکە هەموو ئەو موڵکانە دەگرێتەوە کە هیی دامودەزگاو وەزارەتەکانی حکومەتن و بەکرێ دراون بە خەڵک و پیشەوەران".

پارێزگاری هەولێر دەڵێت "ئەو بڕیارە بە مەبەستی هاندانی كاسبكاران و پیشەوەرانە، پێشتر چەند ساڵ جارێك لەو موڵكانەی تێیدابوون، دەبوو مزایەدەیان بۆ بكرێت، هەندێك جار پارەیان لەسەر زیاد دەبوو، هەندێك جاریش كاسبكارەكە بەهۆی مزایەدەوە شوێنەكەی خۆی لەدەست دەدا، بۆیە ئەوەمان نەهێشت".

"ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە، هانی خەڵك بدرێت تاوەكو لە كار و كەسابەتی خۆی بەردەوام بێت، ئەوەی كراوە ئاسانكارییەكی زۆرە بۆیان، تەنیا ئەوەی ماوە سێ ساڵ جارێك پێداچوونەوەیەك بە كرێیەكانیان دەكرێت و لەگەڵ بارودۆخ و سەردەمەكە دەگونجێندرێت".

بڕیارەکە دوای وەرگرتنی ڕای ئەنجوومەنی شوورای هەرێم و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دراوە بەپێی بڕگەی سێیەمی مادەی 23ی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2021، سەبارەت بە فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت.

هەموو ئەو پیشەوەرانە دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی ژووری بازرگانی، یاخود شارەوانییەکانەوە مۆڵەتی کاریان پێ دراوە و بەبێ زیادکردنی ئاشکرا زه‌وییان لە حکوومەت وەرگرتووە و کردوویانە به‌ کارگە، یاخود لە موڵکی دەوڵەتدا کرێنشینن و بەردەوامن لەسەر پیشە و کاری خۆیان.