فوئاد حسێن لە پەرلەمان: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق کۆدەبێتەوە

23-07-2022 07:06
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

پەرەگراف

ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق کۆدەبێتەوەو عێراق سکاڵای لە دژی تۆپباران و بەزاندنی سنورەکانی لەلایەن تورکیاوە تۆمار کردووە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا کە تایبەت بوو بە تۆپبارانەکەی تورکیا بۆسەر گوندی پەرخی گەشتیاریی لە زاخۆ، هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەو بەرگری و سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئامادەی بوون.

پەرلەمانتارێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە پەرەگرافی وت "وەزیری بەرگریی بە ڕوونی ئەوەی پیشاندا کە توانای ئاسمانییان نییە بۆ ڕێگریی لە بۆردومان و سنوربەزاندنەکانی تورکیا، وەزیری دەرەوەش وتی لە ئەنجومەنی ئاسایش سکاڵایان تۆمار کردووەو ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنەکە لەسەر دۆخی عێراق کۆدەبێتەوە".

دوانیوەڕۆی چوارشەممە 20ـی تەمموزی 2022 تورکیا بە چەند موشەكێك سەیرانگای گوندی پەرەخی لە دهۆك كردە ئامانج، بەپێی دواین ئامار کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا خراوەتەڕوو، بەهۆیەوە ئەو بۆردومانەوە 9 هاوڵاتی شەهیدو ٢٣ی دیکە برینداربون کە سەرجەمیان گەشتیاری عەرەب بوون.

سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا وتویەتی "تورکیا ٤ هەزار سەرباز و ٥ بنکەی سەرەکی و ١٠٠ بارەگای لە خاکی عێراقدا هەیە" بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوە خستووەتەڕوو، "لە ساڵی ٢٠١٨وە تورکیا ٢٢ هەزارو ٧٤٣ جار سەروەریی عێراقی پێشێلکردووە لە ئاسمان و وشکانییەوە، عێراقیش ٢٩٦ جار یاداشتنامەی ناڕەزایی ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کردووە".

وەزیری دەرەوەی تەئکیدی لەوەش کردووەتە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنیی و سەربازیی لە نێوان عێراق و تورکیادا نییە کە ڕێگەی بەزاندنی سنوری ئاسمانی و وشکانیی بە تورکیا بدات.