ئاسایشی سلێمانی: دوو گرووپی تیرۆریستیمان دەستگیر کرد کە پیلانی تیرۆرکردنی چەند کەسایەتییەکیان هەبوو

23-07-2022 08:09
دیمەنێک لە هەڵمەتەکەی ئاسایش. وێنە؛ ئاسایشی سلێمانی

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، شکستیان بە پیلانی "دوو گروپی تیرۆریستی" هێناوەو ئەندامانی ئەو دوو گروپەیان دەستگیر کردوو کە خەڵکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانن و "مەرامیان بوو کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن و پیلانی تیرۆرکردنی چەند کەسایەتیەکیشیان داڕشتبوو".

"بەگوێرەی دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان پیلانیان دانابوو  ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان بکەنە ئامانجی کردەوەکانیان" ئاسایش لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بە پشتبەستن بە زانیارییە ھەواڵگیرییەكان، بەڵگەی دروست و پشتڕاستكراوە دەستكەوت لەسەر هەردوو گرووپە تیرۆریستییەكە، كە لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی فكری تیرۆریستیی داعش و بە دوو ئاڕاستەی جیاواز پیلانیان دانابوو مەرامەكانیان جێبەجێ بكەن".

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە "پاش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد، سەرەداو ئاشكرا بوو و شوێن و جووڵەی تۆمەتباران دەستنیشان كران و خرانە ژێر چاودێریی وردەوە".

بەپێی دانپێدانانەكانیان كە ئاسایش بڵاوی كردووەتەوە، دەستگیركراوەكان پێنج كەسن، كەسێكیان دانیشتووی قەزای خەباتی ھەولێر، یەكێكی دیكە دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، سێیەمیان خەڵكی ئاكرێ و دوانەكەی دیكە خەڵكی سلێمانین.

هەر پێنجیان لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەخشتە براون و پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە. ئەو كەسەیان كە دانیشتووی خەباتە، "پیلان دادەنێت چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە چەند شوێنێكی ھەولێر ئەنجام بدات، بەڵام پێشوەخت لە سلێمانی لە ڕۆژی ١ی ٦ ی ٢٠٢٢ دەستگیر كرا". چوار دەستگیركراوەكەی دیكەیش پیلانیان داناوە بچنە ناو داعش، بەڵام بەر لەوە دەستگیر كراون.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت "هەر لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندین تیرۆریستی ھەرەتاوانبار دەستگیر كراون و ڕووبەڕووی یاسا كراونەتەوە، لەبەر سەلامەتیی لێكۆڵینەوەكان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و كۆمەڵایەتی، زانیارییەكان بە نھێنی ھێڵدرانەوە".

"ئەوەی جێگای ھەڵوەستەی جددی و تێڕامانە، لە ئێستادا تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و پلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیا، یەكێكن لە ھۆكارە سەرەكییەكانی لەخشتەبردنی گەنجانی ھەرێمی كوردستان و وەك سەكۆیەك بەكار دەھێنرێن بۆ بانگەشەكردنی فكری توندڕەوی داعش و جێبەجێكردنی مەرامەكانیان"، ئاسایشی سلێمانی وا دەڵێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی داوا لە "مامۆستایانی ئایینی، پەروەردەكاران، توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی، ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەم و نووسەرانی" دەكات كە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ھۆشیاركردنەوە دژی فكری توندڕەوی.