مەسرور بارزانی: ڕێککەوتین لەسەر درێژەدان به كاركردن له‌پێناو گه‌یشتن بە حاڵه‌تێكی یەکگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیه‌ی نەوتدا
پەرەگراف
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، "ڕێککەوتن كرا له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیدان و درێژەدان به كاركردن له‌پێناو گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌رێکی هاوبه‌ش و گەیشتن بە حاڵه‌تێكی یەکگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیه‌ی نەوتدا".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، گفتوگۆ له‌باره‌ی ته‌واوی دۆسییه نیشتمانییه‌كان و ئەو پرسانه کرا کە بۆ ژیانی هاووڵاتیان گرنگن، هەروەها پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییەکان و ڕێگه‌كانی به‌رده‌وامیدان به كاری هاوبه‌ش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاووتوێ کران، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه ئاسایشی خۆراك بۆ ته‌واوی عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات.
"هه‌ردوولا به توندی ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیایان بۆ سه‌ر خاكی عێراق سەرکۆنە و ئیدانه كرد، به‌تایبه‌ت هێرشی ئه‌م دواییه، كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی بێ‌تاوان بوونه قوربانی، جه‌ختیش له گرنگیی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دیدگایه‌كی یه‌كگرتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوده‌ستدرێژییه و لێكۆڵینه‌وه له هۆكارەکانی كرایه‌وه، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه سه‌روه‌ری عێراق بپارێزرێت و كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت، له ئاینده‌دا پێشێل نه‌كرێت".
هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منیی له نێوان هێزه ئه‌منییه‌كانی فیدراڵ و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و گرنگی به‌رده‌وامیدان به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی دیكه بەشێکی دیکە بووە لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە.
"سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدرال، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی كاركردن به گیانی یه‌ك تیمی و گرنگیدان به شتە هاوبه‌شەکان کردەوە به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئاسایش و سه‌قامگیری و به‌ره‌وپێشچوون بۆ گه‌لی عێراق به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه دابین بكات" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغداد، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق بەتایبەت دۆسیەی نەوت، میدیای سەرۆکی حکومەت دەڵێت، جۆ بایدن داوای لە کازمی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان و کازمی دەستپێشخەریی هەیە.
میدیای مەسرور بارزانی سەردانەکەی بەستەوە بەو نامەیەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاڕاستەی جۆ بایدنی کرد لەکاتی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێیدا داوای‌کرد، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد.
کەناڵی کوردستان ٢٤ سەر بە مەسرور بارزانی دەڵێت "بە گوێرەی زانیارییەکان، جۆو بایدن لە وەڵامی نامەکەی مەسرور بارزانیدا، داوای لە مەستەفا کازمی کردووە کێشەکان چارەسەر بکات. کازمی، دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە".
دۆسیەی نەوت و گاز سەرەکیترین کێشەی نێوان هەولێرو بەغدان بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ کە کۆی پڕۆسەی نەوتی هەرێمی بە پێچەوانەی دەستوور لە قەڵەمداو بڕیاریدا بخرێتە ژێردەستی بەغداوە، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند ڕێوشوێنێکی لە دژی ئەو کۆمپانیا بیانییانە گرتەبەر کە لە کەرتی نەوتی هەرێمکدا کاردەکەن، ئەوەش نیگەرانیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە کە تائێستا بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕەتدەکاتەوە.
مەسرور بارزانی ناوەڕاستی ئەم مانگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوەو تێیدا هیوای خواست، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لە گفتوگۆکانیدا قوربانییەکانی خەڵکی کوردستان لە دژی تیرۆریزم لەبیر نەکات.
"ھیوادارم مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لەناویشیاندا سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزە، کە ئەمه‌ریکا وەبەرھێنانێکی زۆری لەو سێکتەرەدا کردووە، بپارێزرێن" مەسرور بارزانی وای وت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەوکات وتیشی "ئێستا لەھەمووکات زیاتر بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ھەرێمی کوردستان، گرنگە دەستوور ناوبژیوان بێت، داوا لە ھاوبەشەکانمان لە وڵاتانی کەنداو و سەرۆک بایدن دەکەم، پشتیوانی لەو پرەنسیپە بکەن".