وەزارەتی ناوخۆ ڕێنماییەكی بۆ داماڵین و تۆماركردنی چەك دەركرد؛ كڵاشینكۆف و دەمانچە بە مەرج تۆمار دەكرێن

24-07-2022 02:19

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕێنماییەكی بۆ "داماڵینی چەكی جەنگی و تۆماركردنی چەكی ئاگرین" دەركرد. بەپێی ڕێنماییەكە سەرجەم ئەو چەك و تەقەمەنییانەی كە لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان هەن، لە هاووڵاتیان وەردەگیرێنەوە. چەكی كڵاشینكۆف و دەمانچە لە چوارچێوەی چەكی ئاگریندا پۆلێن كراون و بە مەرج ڕێگە دەدرێت لە دەستی خەڵكدا بن.

بەپێی ڕێنماییەكە، بۆ داماڵینی چەكی جەنگی چەند ڕێكارێك دەگیرێنە بەر، لەوانە: كردنەوەی كردنەوەی 12 بنكەی كۆكردنەوەی چەكی جەنگی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، دەبێت هاووڵاتیان چەكی جەنگی و تەقەمەنییەكانیان ڕادەستی ئەو بنكانە بكەن.

لە قۆناغی دووەمدا وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش، 12 لیژنە پێك دەهێنێت بۆ وەرگرتنەوەی چەكی جەنگی لە هاووڵاتیان.

هەر بەپێی ڕێنماییەكە، چەكی ئاگرینی كڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی كە قەبارەی فیشەكی (39 × 7,62م) زیاتر نەبێت و تەقەمەنییەكانیان، چەكی ئارگرین لە جۆری دەمانچە و تەقەمەنییەكانی كە قەبارەی فیشەكی (9م) زیاتر نەبێت، بە چەند ڕێكارێك تۆمار دەكرێن.

وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆماركردنی ئەو چەكانە، 40 بنكە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەكاتەوە و 40 لیژنەیش بۆ تۆماركردنیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش پێك دەهێنێت.

"چەكی تۆماركراو لە لای خاوەن چەك دەمێنێتەوە، بە مەرجێك بەڵننامە پڕ بكاتەوە كە چەكەكەی لە ماڵەوە یان لە شوێنێكی پارێزراو دابنێت، بە هیچ شێوەیەك هەڵی نەگرێت، بەكاری نەهێنێت، نەیبەخشێت و نەیفرۆشێت"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت "دوای ماوەی یەك ساڵ لە بەركاربوونی ئەم ڕێنماییە، هەر چەكێك دەستی بەسەردا بگیرێت، هەڵگرەكەی یان خاوەنەكەی، بەپێی یاسای چەك ژمارە (2)ی ساڵی 2022، ڕەوانەی دادگا دەكرێت".

Caption