چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە سلێمانی پەکی کەوتووەو "دەیان نەخۆش گیان لە دەست دەدەن"

24-07-2022 05:27
چارەسەر بە تیشک لە سەنتەری ژیانەوە

پەرەگراف

چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە سلێمانی پەکیکەوتووەو دەیان نەخۆش بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی چارەسەر گیانیان لەدەستداوە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، بە وتەی بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک بۆ پەرەگراف.

د. بەمۆ نەقشبەندی دەڵێت "لە سلێمانی دوو ئامێر هەن بۆ چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک، نەخۆشی هەرێم و دەرەوەی هەرێمیشی پێچارەسەر دەکەین، ئێستا یەکێکیان لەکار کەوتووەو ئەوەی دیکە زیاتر لە نیوەی تواناکانی لەدەستداوەو ئەگەر ڕۆژانە ٦٠ نەخۆشمان پێچارەسەر بکردایە ئێستا ٢٠ بۆ ٣٠ نەخۆشی پێچارەسەر دەکرێت".

لەو جۆرە ئامێرە دوو دانە لە هەولێریش هەن و نۆرەی چارەسەر نەخۆش نزیکەی شەش مانگە، لە سلێمانیش بەهەمانشێوە نۆرەی چارەسەر نزیکەی شەش مانگە، بەڵام ئێستا بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێرەکان ئەوانەیشی نۆرەیانە ناتوانرێت چارەسەر بکرێن.

"خزمەتگوزاری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە سلێمانی پەکی کەوتووە، بە دەیان نەخۆش بەهۆی نەبوون و کەمیی ئامێرەکانەوە گیانیان سپاردووە لە شەش مانگی ڕابردوودا" د. بەمۆ وای وت. 

بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە، دەڵێت"کەمتەرخەمی زۆر هەیە لە کۆمپانیای سیانەی ئامێرەکان، ئەوەش ئەنجامی ئەوەیە ئەو کۆمپانیایە نزیکەی دوو ساڵە هیچ شایستەیەکی دارایی بۆ خەرج نەکراوە".

د. بەمۆ، وتیشی "ئێستا ئێمە لە کارەساتداین، دەیان نەخۆش هەن شێرپەنجەکە لە قوڕگیایەتی چاوەڕێی ئەم تیشکەی ئێمەیە بۆمان ناکرێت، لەوانەیە بەوهۆیەوە ٢٠ ڕۆژی دیکە گیان لەدەست بدات، یان خود نەخۆش هەیە شێرپەنجەکەی لە قۆناغی یەکەمدایەو چارەسەری زۆر ئاسانە ئەگەر ئامێرەکان کار بکەن، بەڵام کە ناتوانین و دوای دەخەین بۆ شەش مانگ، نەخۆشییەکەی دەچێتە قۆناغی سێ و چوار و چارەسەرەکەی زۆر ئەستەم دەبێت".